بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی دەربارەی ئەو سکاڵایە ڕابگەیەنێت کە یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردووە.
سکاڵاکە لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردن تۆمار کراوە کە پەیوەندییان بە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن و کۆتای پێکهاتەنەوە هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت دوای یەکلاکردنەوەی سکالاکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بکات کە دەبوو لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجام بدرایە.
دوێنێش شاندی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بە ئامادەبوونی نوێنەری یونامی لە عێراق لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوە کە بڕیارە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.
تورکمانەکان بە نیگەرانییەوە لە بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دەڕوانن و لەو بڕوایەدان بڕیارەکە بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان بێت.