یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، ئەو بڵندگۆیانەی رێكخراوێكی ژنان بەرامبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی داینابوون و بانگەشەیان بۆ “یەكسانی جێندەری” دەكرد لابراون، دەشڵێت،”رێگە نادەن ئەوانەی باسی جێندەر و هاوڕەگەزبازی دەكەن بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن”.
یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لقی سلێمانی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە رێگە نادەن ئەوانەی باسی جێندەر و هاوڕەگەزبازی دەكەن بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن، لەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەندیان بە نووسینگەی تایبەتی جێگری سەرۆكی حكومەت و پارێزگاری سلێمانییەوە كردووە و بە سوپاسێكی زۆرەوە هەردوولایان خەمخۆرانە پاڵپشتی خۆیان بۆداواكەمان دەربڕی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو بەرپرسانە سەرجەم دەزگا ئەمنییەكانی شاری سلێمانیان راسپارد كە هاوكار و پشتیوانیانبن لە پووچەڵكردنەوەی ئەو پیلانە ژەهراوییەی جێندەرێزم و هاوڕەگەزخوازەكان دەیانویست لە رێگای بڵنگۆوە لە ناوجەرگەی شار و بەرامبەر (مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی) سمبولی ئایینی و جوانی ئە م شارە لە سەر بازاڕەكانی كاسۆمۆڵ و ئاوباریك بانگەشەی بۆبكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین رێكخراوێكی ژنان ژمارەیەك بڵندگۆی لەسەر باڵەخانە و شوێنە گشتییەكانی شارەكان دانا و دواتریش لەژێر فشاری هاووڵاتیاندا لابران، لە بڵندگۆكەوە كە بە دەنگی ژنێك دەگوترا ئەم چەند راستەیە بوو، “شاخدارە گەورەكە و هاوڕێ نزیكەكەی شەیتان هەر من بووم، ئیماندار و پیاوە نزیك لە خوداكەش هەر ئێوە بوون، من ئەو توێژەم كە بیرتان لێنەدەكردەوە، شەرمەزار نابن، ئێوەی جەللاد، ئێوەی دەستی باڵا، ئێوەی كێن؟ من دەنگی نەبیستراوی مێینەم”.