له سنوورى پارێزگاى ههڵهبجه و سلێمانی دهوامی خوێندنگەکان دهستی پێکردەوە و مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتیان شكاند، نوێنەریکی مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت، “ئێمە ئەوەی لە تواناماندا هەبوو، کردمان”.
ماوەی ٥ مانگ دەبێت مامۆستایان و وانەبێژان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە، جەختیان لە جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان دەکردەوە، وێڕای ئەوەی تا ئێستا حکومەت بە فەرمی داواکاری مامۆستایانی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام بایکۆت شکا و مامۆستایان گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان دوینێ لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی کۆبووەوە و بەڵێنی پێدان، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەگوێرەی ساڵانی خزمەت بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن و مامۆستایانی وانەبێژیش بە قۆناغبەندی بكرێنە گرێبەست.
هاوکات پاش کۆبوونەوەکە مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتیان شكاند و رایانگهیاند، لە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتەوە دهست به دهوام دهكهنهوه.
ئەمڕۆ سێشەممە بە شێوەیەکى فەرمى دەوامى خوێندنگەکان دەستی پێکردەوە و مامۆستایان و خوێندکاران گەڕانەوە هۆڵەکانى خوێندن لە تەواوى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و راپەڕین.
عادل حەسەن نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، ئەوەی لە تواناماندا هەبوو کردمان، له بایکۆت و خۆپیشاندان، سەردانی بەغدا و گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی مووچەخۆران بە ناوەندە ناوخۆیی و نیودەوڵەتیەکان، دیدارمان لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵی وڵاتان ئەنجامدا، دەنگە ناڕازییەکانمان گەیاندە پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی.
وتیشی، تەنها بایکۆت و خۆپیشاندان ڕاگیراون، لە بەغدا و هەوڵەکانی ترمان بەردەوام دەبین، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا هەبوو کردمان.
مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە، لە مانگی ئەیلوول ساڵی ٢٠٢٣ ەوە، بایکۆتیان ڕاگەیاند و هەفتانە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەدەچوون، جەختیان لە جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان لە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان دەکردەوە.