شارەزایەكی بواری كەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەهێزبوونی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سور لەسەر باشورو ناوەڕاستی عێراق ئەگەری هەیە بازنەی شەپۆل و باران بارین زیاتر بێت و دەشڵێت،”لەمەودای دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەم شەپۆلە كاریگەری بەپلەی یەكەم و دووەم لەسەر گەرمیان و سنوری هەڵەبجەو دەوروبەری دەبێت دواتر بۆ سلێمانیش ئەگەری بڕێك باران هەیە بەڕێژەی پێویست”.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری كەشناسی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی بەهێز بوونی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سور لە سەر باشورو ناوەڕاستی عێراق و بەشێكی گەرمیان ئەگەری هەیە بازنەی شەپۆل و باران بارین زیاتر بێت و لەمەودای دوو ڕۆژی تری داهاتوودا شەپۆلەكە كاریگەری بەپلەی یەكەم و دووەم لەسەر گەرمیان و سنوری هەڵەبجەو دەوروبەری بێت دواتر بۆ سلێمانیش ئەگەری بڕێك باران هەیە بەڕێژەی پێویست.
ڕاشیگەیاندووە، شەپۆلەكە لە ئیدارەی ڕاپەرین ڕێژەی كەمتر دەبێت و لە سنوری هەولێرو دهۆكیش لاوازەو بارانی كەم بۆ زۆر كەم كراوەیە ، دوا بەدوای ئەم شەپۆلە شەپۆلێكی تری باران و بەفر و لەگەڵی و بەدوایدا بارستە هەوای ساردی جەمسەری باكور شۆڕ دەبێتەوە .
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە ئەو شەپۆلەی دواتر سەرچاوەی سەرەكی دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەشە و بۆیە لەمەیان چاوەڕێی دابارینی باش دەكرێت بۆ سنوری دهۆك و هەولێر و موسڵ و ئیدارەی ڕاپەرین و تەواوی سنوری سلێمانی و بۆ ناوچەكانی تریش خراپ نابێت، بەتەواوكاری ئەم دوو شەپۆلە ڕێژەی باش باران لەهەموو ناوچەكان دەبارێت.