“ئایدز” لە پارێزگایەكی عێراق بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادی كردووە



ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی “ئایدز” لە پارێزگایەكی عێراق بەشێوەیەكی مەترسیدار ڕووی لە هەڵكشان كردووە و ئەوەش بەرپرسانی پارێزگاكەی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە، بەڵام ڕێژەكە لە ساڵانی ڕابردوودا لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش لە ئاستی ئاسایی بوووە بەپێی ستانداردی تەندروستی جیهانی.

پارێزگایە بۆ نەخۆشی ئایدز زەنگی مەترسی لێدا
ئەحمەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاندووە، تەنها لە تەندروستی زیقار 140 حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز تۆمارکراوە.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی هۆکارەکەی لیژنەیەکی پەیوەندیدار پێکهێنراوە و پشکنین لە ساڵۆن و سەرتاشخانە و سەنتەرە جوانکارییەکان دەستیپێکردوە، جگە لەوانەش کلینکەکانیش پشکنینیان بۆ دەکرێت بەتایبەت کلینکی پزیشکانی ددان و کۆمەڵێک ڕێکاری دیکەیش دەگرنەبەر.

“عێراق لە ئاستی ئاساییە بەپێی ستانداردی تەندروستی جیهانی”

لای خۆشیەوە، لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی لەوە دەدات، كە ئاستی تووشبوون بە “ئایدز” لە عێراق لەخوار ڕێژەی تووشبوونی جیهانییە.

سەنا زجراوی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی (الصباح) ئاماژەی بەوەكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەی دیاری كردووە، كە هەر وڵاتێك ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز تیایدا 1% كەمتر بێت، واتە لە 1000 كەس لە 100 هەزار كەس تووش ببێت، ئەوا ئەو وڵاتە ڕێژەی تووشبوون تیایدا بە نەخۆشییەكە لەخوار ئاستی جیهانییە.

ڕووونیشی كردۆتەوە، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لە عێراق 6 حاڵەتە بۆ 100 هەزار كەس و ئەوەش ڕێژەیەكی زۆر كەمترە لە ڕێژەی ئاسایی، كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاری كردووە، بۆیە عێراق دادەنرێت بەو وڵاتانەی زۆر لەخوار ئاستی جیهانیە لە تووشبوون بەو نەخۆشییە.

لە هەمان كاتدا بەپێی ئامارێك، كە وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویكردۆتەوە، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی ئایدز لە ساڵی 2019دا لە كۆی پارێزگاكان 204 حاڵەت بووە و زۆرینەیان لە ڕەگەزی نێر بوون (172 كەس) و لە بەرامبەریشدا (32 كەس) لە ڕەگەزی مێ‌.

ئاشكراشی كردووە، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە 9 كەس گیانیان لەدەستداوە، كە 8یان پیاو و یەك كەسیان ژن بووە.

ژمارەی تووشبووان بە ئایدز لە هەرێم چەندە؟
بەپێی ئامارێكی پێشتری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2021دا تەنها 69 حاڵەتی تووشبووون بەو نەخۆشییە تۆماركراوە و بەپێی ساڵەكانیش ڕێژەی تووشبوان هەڵكشان و داكشانی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئەو ئامارەی تەندروستی هەرێم لە ساڵی 2021دا بڵاویكردۆتەوە، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز 69 حاڵەت بووە و ئەوەش بە بەراورد بە ساڵی 2020 ژمارەكە زیادی كردووە، كە تەنها 20 حاڵەت بووە و لە ساڵی 2019شدا تەنها 40 حاڵەت تۆماركراوە لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێم.

هەر بەپێی ئامارەكە، لەو 69 كەسەی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز بوون، 58 كەسیان بیانی بوون، كە هاتوونەتە هەرێم و 11 كەسیشیان هاووڵاتی عێراقی بوون.

هەر بەپێی ئاماری ساڵانەی تەندروستی هەرێم، لە ساڵی 2022دا (54) حاڵەت و لە ساڵی 2023دا (72) حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز تۆماركراون.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی 1ی 12ی 2022 ڕایگەیاند، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 538 هەزار پشکنینی ئایدز لە هەرێمی کوردستان کراوە، لە کۆی ئەو پشنکنینانە 54 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون، كە لەو ژمارەیەدا 40 حاڵەت بیانی بوون و ئەوانی دیکە عێراقی بوون.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ئامارێكی دیكەدا، كە لە 2ی 12ی 2023دا بڵاویكردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، ” لە ساڵی ٢٠٢٣دا تەنها ٧٢ حاڵەتی نوێ دەستنیشان کراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاووڵاتیانی بیانی و هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە، تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حاڵەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزیدان”.

بەهۆی چییەوە تووشی ئایدز دەبیت و چۆن دەگوازرێتەوە؟
ئایدز یان ڤایرۆسی نەهێشتنی سیستەمی بەرگری لەش، بۆیەكەمجار لە ساڵی 1981 لە ئەمەریكا دۆزرایەوە، بەگوێرەی دوا ئامارە جیهانییەكان زیاتر لە 33 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری دنیا بەدەست ئەم نەخۆشییە ترسناكەوە دەناڵێنن و تا ئێستا دوو ملیۆن و 100 هەزار كەس بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەم نەخۆشییە لە ڕێی ڤایرۆسی “HIV” دەگوازرێتەوە بەهۆی گواستنەوەی خوێن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر یان كرداری سێكس، یان گواستنەوەی لە دایكەوە بۆ كۆرپەلەكەی مرۆڤێكی تریش تووشی ئەم نەخۆشییە درمە دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتی كۆمەڵەی پزیشكانی ڕووبەڕبوونەوەی ئایدز لە ئەمەریكا، كاتێك ئەم جۆرە ڤایرۆسە بەیەكێك لە هۆكارەكانی گواستنەوە دەگوزارێتەوە بۆ نێو جەستەی كەسێكی تر دەركەوتنی نیشانەكانی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاواز دەبێ، هەیە دوای دوو هەفتە و هەشیانە ماوەی ساڵێك و تەنانەت دوای 10 ساڵ تووشبوون ئنجا نیشانەكانی ئایدز لە مرۆڤەكە دەردەكەوێت.

گرنگترین نیشانەكانی نەخۆشی ئایدز:
یەكەم: تا، بە یەكەم نیشانەی ئایدز دادەنرێت و پلەی گەرمی تای ئایدز دەگاتە 39 پلەی سیلیزی، لەگەڵ تووشبوونی مرۆڤ بە ڤایرۆسی ئایدز لە گەڵ تا-دا تووشی شەكەتی بەردەوام و ئاوسانی لیمفە گرێكان و ئازاری قوڕگ و لاوازی سیستەمی بەرگری لەش دەبێتەوە.

دووەم: هەستكردن بە ماندوویەتی، ئەو هەوكردنەوی كە تووشی لەش دەبێت بەهۆی نەخۆشی ئایدزەوە، سیستەمی بەرگری لاواز دەكات و هەست بە ماندوویەتی و تەمبەڵی و نەمانی چالاكی لەش كە یەكێكن لە نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز.

سێیەم: هەڵئاوسانی لیمفە گرێیەكان و درووستبوونی گرێ‌، زۆر جار دەركەوتنی ئەم نیشانە بە هەڵامەت دەست پێ دەكات، یان نەخۆشی دیكەی ڤایرۆسی وەكو ئاوسانی جگەر، هەمان نیشانەن وەكو ئازاری جومگە و ماسولكەكان و هەلاوسانی لیمفەكان.
لیمف یەكێكە لە بەشەكانی سیستەمی بەرگری لەش لەكاتی بوونی هەوكردندا هەڵدەئاوسێن زۆر جار دروست بوونی ئەم گرێیانە لە بنباڵ و بەر میزڵدان و ملدا دروست دەبن.

چوارەم: ئازاری قورگ و سەرئێشە، لەكاتی بوونی بڕێكی زۆر لەم نیشانانەدا پێویستە تاقیكردنەوەی ڤایرۆسی بكەن، بۆ ئەوەی لە زووترین كات دەست بەسەر گەشەكردنی ڤایرۆسەكەدا بگیرێ و رێگری لە بڵاوبوونەوەی بكرێت، ئەم جۆرە سەرئێشەیە بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام دەبێت بەبی پشوودان زۆر توند دەبێت.

پێنجەم: زیپكە و سووربوونەوەی بەردەوامی پێست، دەتوانن لە قۆناغی سەرەتای نەخۆشی ئایدزدا دەردەكەوێت ,كە بە هۆی هەستەوەری یان سەرماییەكی كەمەوە دروست دەبێت كە وەكو زیپكە وان لەگەڵ سووربوونەوەی ئەو ناوچەییە كە بە شێوەیەكی ئاسانی چارەسەر ناكرێت.

شەشەم: هێڵنجدان و ڕشانەوە و سكچوون، لە هەركوێیەك تووشبوویەك هەبێت بە نەخۆشی ئایدز ئەوە بە رێژەی %30 بۆ %60 توشی هێڵنجدانی بەردەوام دەبن، لە قۆناغی سەرەتاشدا ڕشانەوە و سكچوونی ماوە درێژ بوونی دەبێت.

حەوتەم: كەمبوونەوەی كێشی جەستە، لەكاتی كەمبوونەوەی كێشدا ئەوە نەخۆشییەكە دەگاتە حاڵەتی مەترسی و زاڵبوونی نەخۆشییەكە بە سەر هەموو لەشدا كە بە هۆی سكچوونی زۆرەوە بڕێكی زۆر كێش لە دەست دەدرێت، بەپێی ئەو توێژینەوەی كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا كراوە و چاودێری تووشبوانیان كردووە دەركەوتەوە نەخۆشەكە لەماوەی مانگێكدا %10 كێشی لەشیان لە دەست دەدەن بەهۆی ئەو سكچوونەوە رێژەیەكی زۆر ئاو لە خانەكانی لەشدا كەم دەبێتەوە.

هەشتەم: نەخۆشی لە سییەكان، كۆكە و هەناسەتەنگی و دابەزاندنی كێش لەگەڵ هەوكردنێكی زۆر هۆكاری كەمبوونەوەی بەرگری لەشن كە بە شێوەیەكی رێك كار و چالاكییەكانی لەش جێبەجێ‌ ناكەن، وە زۆر جار ئەم هەوكردنانە تووشی دیوارەكانی مێشك دەبن و بەهۆی جۆرە ڤایرۆسێكەوە كە پێی دەوترێ ” toxoplasmosis”.

نۆیەم: گۆرینی شێوە و ڕەنگی نینۆك، نیشانەیەكی دیكەی هەوكردنی نەخۆشی ئایدز گۆڕینی شێوەی نینۆكە وەكو ئەستوربوون و چەمانەوەی نینۆك و جیابوونەوەی نینۆك یان گۆرینی ڕەنگی نینۆك بۆ قاوەیی یان رەشبوونی بە شێوەی ستوونی یان ئاسۆیی بە شێوەی هێڵ لەسەر نینۆكەكە دەردەكەوێت.

 

مامۆستایانی ناڕازی “بایكۆت”یان هەڵپەسارد
پێت مامۆستایانی ناڕازی “بایكۆت”یان هەڵپەسارد
عێراق ڕێكاری نوێ‌ بۆ هەرزان كردنی نرخی گۆشت دەگرێتەبەر
دوات عێراق ڕێكاری نوێ‌ بۆ هەرزان كردنی نرخی گۆشت دەگرێتەبەر
پەیوەنیدر