لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، داواکارم سەرۆکایەتی هەرێم وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات.
لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی پڕ لە قەیراندا تێپەڕ دەبێت، و خۆتان ساز و ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن،
وتیشی، ئەجێندا هەرێمایەتییەکان مەترسیدارن لەسەر هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن چەند جارێکە بە ئەنقەست و لە ترسی گۆڕانکاری دوادەخرێ، کە تاکە ڕێگای گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستایە،
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشدا، دۆخی سیاسیی ئێستا و دوو ساڵ لەمەوبەر بەتەواوی جیاوازە و دەسەڵاتداران پێش خەڵک هەستیان پێکردووە ، کۆمەڵی نێودەوڵەتی مەبەستیەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات، چونکە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە بۆ هەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
لاهور شێخ جەنگی داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات وادەی دەرکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان درێژ بکاتەوە، و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات.