ماوەی سێ ڕۆژ دەبێت شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بارانبارینی بەخوڕ لە بەشێک لە ناوچەکان بووە هۆی دروستبوونی لافاو، هاوکات تا ئێستا تەنها زیانی مادی هەبووە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، بڕی بارانبارینی ئەمساڵ دڵخۆشکەرە و لە شاری سلێمانی تا ئێستا ٤١١ ملیمەتر باران باریوە پار تا ئەم کاتە ٣٣٧ ملیمەتر باریبوو، لە گەرمیان ٩٥ ملیمەتر باریوە.
وتیشی، تەنها لە دوێنێ شەودا لە سلێمانی ٣٣ ملیمەتر باران باریوە، شەوی پێشتر ٤٤ ملیمەتر باریوە، ئەم بڕەش هۆکارە بۆ دروستبوونی لافاو.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی لافاو ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بڕێکی زۆر باران لە ماوەیەکی کەمدا دەبارێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی سەرزەوی و دروستبوونی لافاو، زۆرجار ئەگەر ٥ ملیمەتر باران لە کاتژمێرێکدا ببارێت ئەوا دەبێتەهۆی دروستبوونی لافاو.
هاوکات بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ناسەقامگیری کەشوهەوا تا ڕۆژی دووشەممە بەردەوامی دەبێت، تاوەباران و تەرزە دەبارێت، لەگەڵیدا هەورەبروسکە دروست دەبێت.