وەزارەتى بازرگانیى عێراق ڕایگەیاند، لەمیانى نوێکردنەوەى تۆمارى ئەلیکترۆنیی کۆبۆنى خۆراک، بەشەخۆراکى مانگانەى ٦٠٠ هەزار کەسى ناشایستە بڕدراوە.
ئەیسر داود غەریرى، وەزیرى بازرگانیى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، دابەشکردنی سەبەتەى خۆراک بەسەر هاووڵاتییان ڕێگر بووە لە بەرزبوونەوەى نرخى ماددە خۆراکییەکان، پێشبینیدەکەین نرخەکان لە مانگى ڕەمەزاندا سەقامگیر ببن، بەو پێیەى بەر لەو مانگانە بڕێکى زۆرى ماددە خۆراکییەکان دەخرێنە بازاڕەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەک ملیۆن تۆن گەنم لە کۆگاکانى وەزارەتەکەیدا هەیە و لە ڕێگەى سەبەتەى خۆراکییەوە توانیویانە ئاسایشى خۆراک دەستەبەربکەن.
وەزیرى بازرگانیی عێراق ئاشکراشیکرد، لە میانى پرۆسەى نوێکردنەوەى ئەلیکترۆنیی کۆبۆنى خۆراک، ٦٠٠ هەزار کەسى ناشایستە بەشەخۆراکى مانگانەیان بڕدراوە، هاوکات حەوت ملیۆن کەس لەناو تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى سەبەتەى خۆراک وەردەگرن.
لە چەند پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی بە دیجیتاڵیكردنی پسوڵەی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەستیپێکردووە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و ٢٥٤ هەزار خێزان پسوڵەی خۆراكیان هەیە.
لە ئێستادا حکومەتی عێراق دەیەوێت هاووڵاتییان بە ئەپڵیكەیشنێك ئاشنا بکات، کە لە ڕێگەیەوە لە هاتنی بەشەخۆراكی مانگانە ئاگاداردەكرێنەوە.