تەندروستی سلێمانی ڕەتیدەكاتەوە ڤایرۆس لەناو شاری سلێمانیدا بڵاوبوبێتەوە و دەڵێت هیچ ڤایرۆسێكی مەترسیدار لە سلێمانی بڵاو نەبووتەوە و ئەوەی هەیە ئەنفلەوەنزای وەرزییە.
د.ڕزگار عەلی بەرێوبەری بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی ترسناك لەشاری سلێمانی و وتی: چەند رۆژێكە دەنگۆیەك لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە گوایە ڤایرۆسێكی ترسناك لەشاری سلێمانی بڵاوبۆتەوە و چەند كەسێك بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیە ناڕاستە و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لەسلێمانی بڵاونەبووەتەوە و ئەوەی هەیە بریتیە لەئەنفلۆنزای وەرزیی كە لە هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهانیش هەیە لەم كاتەدا.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، وەكو بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی ئەو هەواڵانە بەنادروست دادەنێنین و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لەشاری سلێمانی بڵاونەبووەتەوە و ئێستا لە هەموو ناوچە ساردەكانی جیهان پەتای ئەنفلۆنزای وەرزیی هەیە و هیچ كەسێكیش بەم پەتایە گیانی لەدەست نەداوە.
د.ڕزگار عەلی باس لەچەند رێنماییەكدەكات بۆ خۆپارێزی و دەڵێت، لەئەنفلۆنزای وەزری وەك بەستنی دەمامك لەشوێنە گشتیەكان و دووركەوتنەوە لەكەسی تووشبوو و پاكژكردنەوە و شوشتنی دەستەكان و هەواگۆڕكێ كردن لەشوێنە داخراوەكان.