توانای خۆبژێوی هەرێمی کوردستان ٪٢ ە، ئەمساڵ بە بەهای ٢٥ ملیار دۆلار کاڵا و خواردەمەنی هاوردەکراوە، مامۆستایەکی زانکۆش جەخت دەکاتەوە: هەرێمی کوردستان ناتوانێت جێگرەوەی بۆ ئێران و تورکیا هەبێت.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا عێراق لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدابووە کە زۆترین کاڵا و پێداویستی لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەکردووە، هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ ٪٩٨ پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت.
تاکە شتیک کە عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوەی بکات نەوت-ە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئاستێک کە بەرهەم و کاڵا هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکات، ئاستی خۆبژێوی ٪٢ تێپەڕناکات.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بەهای ٢٥ ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک هاوردەکراوە، لەو بڕەش بەشی زۆری بەرهەمی خۆراکی بووە.
قەبارەی هەناردەکردنی تورکیا بۆ عێراق لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٢٠ ساڵانە بە ڕێژەی ٪١٤.٢ زیادیکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتووەتە ١٠ ملیار دۆلار.
لە دوای ٢٠٠٣ەوە ئێران ساڵانە بە بەهای ملیاران دۆلار کاڵا هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بەهای ١٢ ملیار و ٩٢٧ ملیۆن دۆلار کاڵا و پێداویستی بۆ عێراق هەناردەکردووە، لەو بڕەش شەش ملیار دۆلاری هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
دیار سدیق، مامۆستای کۆلێژی بازاڕگەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ئاستی بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد، هاوکات گرفت و ئاستەنگییەکانیشی خستەڕوو.
خەڵك: ئاستی بەرهەمهێنان و خۆبژێوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
دیار سدیق: بەشێوەیەکی گشتی ئاستی بەرهەمهێنان لە عێراق پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە پاڵپشتی زیاتری وەبەرهێنەرانی کردووە و کارئاسانی بۆکردوون، بەڵام ڕێژەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی کەم زیادیکردووە و نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی کە پێویستیمان بە وڵاتانی دیکە نەبێت.
هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، دابینکردنی بەرهەمە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت.
خەڵک: بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وڵاتانی دراوسێ چی لە خۆدەگرێت؟
دیار سدیق: بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمی خۆراکی و پیشەسازییمان هەیە کە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی دەکەین، بە نزیکەیی ساڵانە عێراق ٥٤ ملیار دۆلار کاڵا هاوردە دەکات، وڵاتی چین لە پلەی یەکەمدایە پاشان تورکیا و ئێران دێت، لە دوای ئەمانەش وڵاتانی ئوردن دێت.
خەڵک: هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ پشتی بە ئێران و تورکیا بەستووە؟
دیار سدیق: هەرێمی کوردستان ٪٨٠ بەرهەمەکانی لە وڵاتی تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکات، چونکە نزیکن لە عێراقەوە و تێچووی گواستنەوەیان کەمترە، دووهەم بەراوردی پارەکەیانە بەرامبەر دیناری عێراقی کە بەهای دراوەکەیان دابەزیوە، هەر بۆیە نرخی کاڵاکانیان هەرزانتر دەکەوێت و لەگەڵ ئاستی ئابووری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگونجێت.
پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێران و تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نزیکی کەلتووی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئێمە بۆ خواردن و جلوبەرگ، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی ڕێژەی بەرهەمەکانیانە لە هەرێمی کوردستان.
خەڵک: هەرێمی کوردستان دەتوانێت بایکۆتی کاڵای تورکی و ئێرانی بکات؟ جێگرەوەیەکی دەبێت بۆ هاوردەکردن؟
دیار سدیق: هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیا و ئێران تێچووی کەمترە، لە هەندیک کاتدا لە بەرهەمە خۆماڵییەکان نرخی هەرزانتر دەکەوێت، بۆیە هاووڵاتییان خواستێکی زیاتریان لەسەری هەیە.
هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا هەڵاوسانێکی ئابووری هەیە، بەراورد بە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر، کە نرخی دراوەکانیان جێگیرە و بەهاکەی بەراورد بە دیناری عێراقی بەرزترە، هەربۆیە هەر کاڵایەک هاوردەبکرێت نرخی چەند بەرامبەر لە کاڵای تورکی و ئێرانی گرانتر دەبێت.
ئەو بارودۆخە ئابوورییەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە لەبارنییە کە نرخی کاڵا و شتومەک بە هەر بیانوویەک بێت گران بکرێت، هەر بۆیە ناتوانین پەناببەینە بەر وڵاتانی دیکە بۆ هاوردەکردن.
خەڵک: چۆن دەتوانین ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ بەرزبکەینەوە؟
دیار سدیق: کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکار کاریگەری دەکەنە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، حکومەت دەتوانێت کار بۆ دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی بکات کە ڕێگە خۆشکەربێت بۆ وەبەرهێنەرەکان تا ئاستی بەرهەمهێنان زیادبکەن.
دەتوانین کار بۆ زیادکردنی خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەرهەمی خۆماڵی بکەین، لە ڕێگەی هاندانی خەڵک بۆ خۆشویستنی بەرهەمی خۆماڵی، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوەیە و لە ڕێگەی ڕیکلام و بەبازاڕکردنەوە هەوڵی خۆشەویستکردنی بەرهەمی وڵاتانی دیکە دەدرێت.
هاوکات پێویستە کار بۆ بەرەوپێشبردنی لێهاتووی و کارامەیی کەسانی ناوخۆ بکرێت، لە ڕێگەی پێگەیاندنی کەسانی کارامە و پڕۆفیشناڵ، بەرزکردنەوەی بەهای دینار هۆکارە بۆ خستنەڕووی کاڵا و شتومەکەکانی ناوخۆ بە نرخێکی هەرزانتر، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکاری سیاسی و ڕێککەوتنی بازرگانیش یەکێکە لە هۆکارەکان و کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی بەرهەمی ناوخۆ.