400 ملیارەكە كێشەی تێكەوت



وەزیری دارایی عێراق ئامادە نییە واژۆ لەسەر خەرجكردنی 400 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستان بكات.

د. فازل نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاندووە، دوێنێ چوارشەممە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دواداچوونی بۆ خەرجكردنی ئەو 400 ملیار دینارەی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوانیش پێیان راگەیاندووە “تائێستا كاریان لەسەر نەكردووە و هیچ رێكارێكیان نەگرتووەتەبەر.”

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق كردووە تاوەكو ئەو 400 ملیارە خەرج بكرێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام تائێستا وەزارەتی دارایی كاری لەسەر نووسراوەكە نەكردووە.

تا ئێستا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئامادەنییە واژۆ لەسەر خەرجكردنی ئەو 400 ملیار دینارە بكات. لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێبینی لەسەر هەبووە، پێی وابووە “نایاساییە.”

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات بە دواداچوون بكات و بگەنە ئەنجامێك، بۆ خەرجكردنی ئەو 400 ملیار دینارە، چونكە بەهۆی كۆتایی ساڵ و ژمێرەی كۆتایی ساڵ و پاكتاوكردنەوە، وەزارەتی دارایی عێراق لە 25ی مانگی 12 هەموو خەرجییەكانی رادەگرێت.

د. فازل نەبی دەڵێت، “بەبێ واژۆی وەزیری دارایی ناتوانرێت ئەو بڕە پارەیە خەرج بكرێت. تەنانەت سەرۆكوەزیرانیش ناتوانێت لەبری وەزیری دارایی خەرجكردنی ئەو پارەیە واژۆبكات. بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە گوشار لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران بكرێت، تاوەكو ئەویش گوشار لەسەر وەزیری دارایی بكات، بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر خەرجكردنی ئەو پارەیە بكات.”

رۆژی 08-11-2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پێویستە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن. ئاماژەی بەوەش كرد، خواستێكی جیدی لەلایەن هەردوولا و هێزە سیاسییەكانی وڵاتەوە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو كێشانە و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولا لەسەر بنچینەی دەستوور.

 

لە بارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەوە ڕوونكردنەوە دەدرێت
پێت لە بارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەوە ڕوونكردنەوە دەدرێت
ئۆغڵو: ڕێگری لە خوێندنی كچان ئیسلامی و مرۆیی نییە
دوات ئۆغڵو: ڕێگری لە خوێندنی كچان ئیسلامی و مرۆیی نییە
پەیوەنیدر