جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کورسی کۆتاکان ڕایگەیاند، “، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری نەکراوە”.
مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵێک بەسەر پەخستنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو جار وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بەیانکرد، بەڵام بەهۆی سکاڵاکانی کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و کورسی کۆتاکان هەیە لە دادگای فیدراڵی تا ئێستا نەتواندراوە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
وتیشی، ئێمە پێمان وایە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردن کارێکی نابەرپرسانە بوو، چونکە لەلایەک خەریکە کۆی پرۆسەی سیاسی و حکومرانی و ئەزموونی هەرێم دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، لەلایەکی ترەوە ئەو کەلتورە پێکەوە ژیانەی کە هەرێمی کوردستانی لە ناوچەکەدا پێدەناسێندرا خەریکە ئەویش ناشیرین ببێت.
مونا قاوەچی، ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە لە ناوخۆی هەرێم لایەنە سەرەکییەکان بۆ پرسی هەڵبژاردن هەرچی زووە بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەرچی لەمپەر و تەگەرەیەک بوونی هەیە ڕایبماڵێنن و پاراستنی کۆی ئەزموون و قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بکەنە ترۆپکی بەرنامە سیاسیەکانیان.