بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی پێنج کەسی راگەیاند کە بانگەشەی فرۆشتنی کەلوپەلیان بە ئۆنلاین کردوە و دواتر کڕیارەکانیان بانگهێشتی شوێنێکی چۆڵکردوە و هێرشیان کردووەتە سەری و پارە و مۆبایلیان لێدزیوە.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی چاودێری و بەدواداچوون، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەپێی ماددەی (٤٥٢) لەیاسای سزادانی عێراقی پێنج تۆمەتبار بەناوەکانی (م،أ ،ط) و (أ ،ح،ن) و (ع،ن، ص) و (أ،ع،م) و (ه،ع،ع) بەتۆمەتی ڕێگری و فڕوفێڵ و دزی کردن، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران.
ئاسایش دەشڵێت:ئەم تۆمەتبارانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی فرۆشتنی چەند جۆرە کاڵایەکیان کردووە بەڕێگای ڕاستەوخۆ(ئۆنڵاین)، دوای ئەوەی لەگەڵ کڕیارەکە ڕێکەوتون ،ناونیشانی شوێنێکیان داوەتە کڕیارەکە کە ئەو شوێنە چۆڵەوانی و دووربووە لە کامێراکانی چاودێری.
ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەکاتی گەشتنی کڕیارەکە بۆ شوێنەکە لەلایەن ئەم تۆمەتبارانەوە ڕێگریان لێکراوە و هێرشکراوەتە سەریان و ئازار دراون و پارەو مۆبایلەکانیان لێ سەنراوە و دواتر هەڵاتوون.