دوابەدوای پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی باران بارین لە سبەینێوە بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 2024.2.13، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ قائیمقام و بەرپرسانی فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكانی سنووری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە نالەباری ڕەوشی کەشوهەوا و پێشبینیەکانی کەشناسی، کە لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێژەیەکی زۆری دابارینی باران لەماوەیەکی کەمدا دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت، ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، دوای هەڵسانگدنی ڕەوشەکە و بە دواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانەی، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ زستانی ئەمساڵ و وەرزی بارانبارین و رێگری و كهمكردنهوهی مهترسییهكانی لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازاروی گۆڕانی کەش و هەوا کراوە کرا، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پێشبینی نەکراو خرانە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو.
وەك پارێزگای هەولێر بڵاویكردۆتەوە، چەند بڕیارێك دەركرا:
یەکەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان ڕاسپێردران، هەریەک لە سنووری خۆی ژووری عەمەلیات پێکبهێنێت و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و کێشانەی کە دەبنە هۆکار و مەترسی دروستبوونی لافاو.
دووەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی، بەڕیوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ئاودێری، ڕاسپێردران لەپاککردنەوەی ڕێرەی (ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان) بەردەوام بن، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسیان هەیە ببێتە هۆکاری کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو.
سێیەم/ سەرجەم لایەن و فەرمانگاکان لەحاڵەتی ئامادەباشی و هەماهەنگیدابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.
چوارەم/ دوای ئهو هەموو هەوڵ و کارەکانەی کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەر لەوەرزی باران بارینی ئەمساڵ لە پێناوی ڕوونەدانی لافاو و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لەناوچەکەدا کراوە، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هەر کەم و کوڕی و کەمتەرخەمییەک کە ببێتە هۆی مەترسی دروستبوونی لافاو و ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازرا، هەریەکه و بەئاستی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرپرسیارە.
پێنجەم/ سەرجەم شار و سیتیەکانی هەولێر بەرپرسن لە خزمەتگوزاریی پاککردنەوەی ڕێرەی ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.
شەشەم/ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە هەماهەنگی فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەئامادەباشی تەواودادەبن.
حەفتەم/ (بەرگری شارستانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.
هەشتەم/ تیمەکانی پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر، دابەشدەکرێن بەسەر ڕێگا گشتیی و سەرکیەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.