پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 13/2/2024 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگران و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبووەوە.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وەزیری دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پرسی دواكه‌وتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕه‌هه‌نده ده‌ستووری و یاساییه‌كان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە ڕا و سەرنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه به‌هه‌ند و جێی بایه‌خ وه‌رده‌گیرێت و كاری جددیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومی فەرمی دوو جار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كردبوو، بەڵام ئەنجام نەدرا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، كە بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە، كە لە 18-12-2023 ئەنجام درا، ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 25ی 2ی 2024 ئەنجام بدرێت، چونكە پێویستیان بە 6 مانگە بۆ ئامادەكاری.
دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆتە جێگەی ناڕەزایی ناوخۆیی و ناوەندە جیهانییەكان و بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، بڕیارە لەنێوان 19 بۆ 30ـی ئایاری ئەم ساڵ ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.