دەست گرتن کاریگەری گەورە لەسەر دەروون بەجێدەهێڵێت



بەپێی ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆست، هۆکاری دەروونی و بایۆلۆژی هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ دەست بگرێت، کاریگەری و سوودی سەرسوڕهێنەری لەسەر باری سۆزداریمان هەیە، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ هاوبەشی سۆزداریداین.

گرتنی دەستەکانی یەکتر یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی ئازار و نەهێشتنی سترێسییەکان.

لە ساڵی ٢٠٢١، تاقیکردنەوەیەک “کاریگەری گرتنی دەستی هاوسەران لەکاتی سەیرکردنی دیمەنەکانی فیلمە ترسناکەکاندا” ئاشکرا کرد.

دەستگرتن دەتوانێت کاریگەری فشارە دەروونی و جەستەییەکان کەمبکاتەوە، کە هۆکارن بۆ ماندووبون و بێزاری مرۆڤەکان.

توێژینەوەیەک ئاماژەی بەوەداوە، کاتێک مرۆڤەکان هەست بە مەترسی دەکەن، گرتنی دەستی کەسێکی ئازیز، ئەو بەشانەی مێشک ئارام دەکاتەوە کە بەرپرسن لە وریایی و وەڵامدانەوەی سۆزداری.

هۆکاری ‘قوڵتر’

جەیمس کاوان، بەڕێوەبەری پەیمانگای دەروونناسی کلینیکی لە زانکۆی ڤێرجینیا دەڵێت: “ئەگەر بەڕاستی لە دەستگرتن تێبگەیت، کە چییە و چۆن کاریگەرییەکانی هەیە، ئەوا دەست دەکەیت بە تێگەیشتن لەوەی، کە مرۆڤبوون مانای چییە”.

کوان و تیمەکەی چەندین تاقیکردنەوەیان لەسەر کاریگەرییەکانی دەستگرتن ئەنجامدا.

گروپی یەکەم بریتی بوون لە ١٦ ژنی خێزاندار کە پشکنینی مێشکیان بۆ کراوە و مەترسی لێدانی کارەبایان لەسەر بووە.

لە پشکنینی مێشکدا دەرکەوتووە، کاتێک ئەم ژنانە دەستی کەسێکی نامۆیان گرتووە، فشاری زەبر و زەنگ کەمدەکاتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی زیاتر دەرکەوتووە کاتێک دەستی هاوسەرەکانیان گرتووە.

سوودی دەستگرتن لەنێو ئەو ژنانەدا بەهێزتر بووە کە زۆرترین نمرەی لە تاقیکردنەوەکانی کوالیتی هاوسەرگیریدا بەدەستهێناوە.

توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە “دەستگرتن فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، لەوانە ئەو کەسانەی کە پەیوەندی خۆشەویستیان هەبووە یان تەنها هاوڕێ بوون.”

ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستگرتن یارمەتی مێشک دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری دەروونی و کاتێک دەست درێژ دەکەیت بۆ ئەوەی دەستی کەسێکی ئازیزت لە کاتی سەختدا بگرێت، وەک ئەوە وایە بارگرانییەکە لەگەڵیاندا هاوبەش بکەیت.

بۆچی مرۆڤەکان دەست دەگرن؟

کوان دەڵێت: بۆ عەقڵی مرۆڤ، جیهان کۆمەڵێک کێشە دەخاتە ڕوو، کە دەبێت چارەسەر بکرێن و تەنیا بوون وەک کێشەیەک پێناسە دەکات.

ئەم دیاردەیە ناوی لێنراوە “تیۆری بنەڕەتی کۆمەڵایەتی” و ئەوە پیشان دەدات، کە عەقڵی مرۆڤ چاوەڕوانی دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندییەکان و وابەستەیی یەکتر دەکات، چونکە بەبێ ئەوان کێشەکانی جیهان گەورە دەبن و پێویستە هەوڵی زیاتری فیزیۆلۆژی و دەروونی بدەین.

بەڵام کاتێک دەزانین تەنیا نین، وەک لە دەستگرتندا دەردەکەوێت، پێدەچێت ئاسانتر بێت.

دەستەکان بەشێکی سەرەکین لە چۆنیەتی گەڕان بە جیهاندا لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە، پێش ئەوەی پەرە بە هەر توانایەکی جووڵەیی بدەین، دەست دەتوانێت زانیاری هەستیاری پرۆسێس بکات کاتێک دەست دەداتە شتەکانی دەوروبەرمان.

(کفنەکان) کۆمەڵە دەماری هەستەوەرن، بەشێکی کەم لە کۆی ڕووبەری پێستمان پێکدەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی لەسەدا ١٥ی ڕیشاڵی دەماری هەستکردنمان لەخۆدەگرێت.

کفنی دەست بەتایبەت سەری پەنجەکان کۆتایی دەماری تایبەتی تێدایە کە پێی دەوترێت “Meissner corpuscles” و ئەمەش توانای وەڵامدانەوەی بچووکترین دەست لێدان دەدات بە کفن.

هەروەها مرۆڤ هەستی دەست لێدان بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی هەستەکانی،  لە توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی زانکۆی لەندەن، بەشداربووان توانیویانە بە شێوەیەکی دروست هەستی کەسێکی دیکە دەستنیشان بکەن، تەنها بە سەیرکردنی دەستەکانی بەبێ ئەوەی دەموچاوی ببینن.

پەروەردەی سلێمانی: غیابدانی مامۆستایان بە سزا بۆیان هەژمار ناکرێت
پێت پەروەردەی سلێمانی: غیابدانی مامۆستایان بە سزا بۆیان هەژمار ناکرێت
حكومەتی هەرێم ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بارزانی و ئەردۆغان بڵاودەكاتەوە
دوات حكومەتی هەرێم ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بارزانی و ئەردۆغان بڵاودەكاتەوە
پەیوەندیدر