بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی زۆر بەهێزی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و “هۆشداری” لە ڕوودانی لافاو دەدرێت.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بارانبارین بەڕێوەیە، ڕۆژی پێنج شەمم ەو هەینی ئەگەری لافاوی زۆر هەیە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکانی گەرمیان.
پێشتریش، محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ڕۆژی چوار شەممەوە کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەردوو نزمە پەستانی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست و لەگەڵ یەکگرتنیان زیاتر کاریگەریەکەیان زیاد دەکات.
وتیشی، “پێشبینی دابارینی بڕێکی زۆر لە بارانی بەخوڕ و بەفر بۆ لوتکەی چیا بڵندەکان و ڕوودانی هەورە بروسكە و تەرزە و لافاو لە چەم و دۆڵ و نزماییەکان دەکەم”.
ئەو شارەزایەی كەشناسی هۆشداری دا و وتی، “ئەم حاڵەتە ناسەقامگیرە هەتا ڕۆژی ١٧-٢-٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت، هەر بۆیە هۆشداری دەدەین لەگەڵ چاودێری کردنی شەپۆلەکەدا و بە بەهێز مانەوەیدا ئەگەری لافاو لە ئارادایە بۆ چەم و دۆڵ و نزماییەکان و دەبێت ئامادەکاری پێشوەختە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی زیانە پێشبینیکراوەکان “.