مەعرووف مەجید*
لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان ناونیشانێك بۆ ناوەندەكانی خوێندن زیادی كردووە ئەویش بریتیە لە، قوتابخانە سەوزەكان، كە لە ئێستادا لە هەندێ وڵات هەوڵی جێبەجێكردنی دەدەن لە پێناو پاراستنی ژینگە و هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و بڵاوكردنەوەی كولتوری ژینگە دۆستی.
لەم نوسینەدا كۆمەڵێك بیرۆكەی نوێ دەخەینەڕوو كە هەندێك لە پسپۆڕان لەسەری ڕێككەوتوون بۆ یارمەتیدانی قوتابخانەكان بۆ ئەوەی ببنە قوتابخانەی سەوز و دۆستی ژینگە.
ئەوەی گرنگە پێش خاڵەكان، دەبێ بەڕێوەبەر و مامۆستایان و فێرخوازان كەسانی ژینگەدۆست بن، بەكردار بیسەلمێنن كە ژینگەیان خۆشدەوێ، ئەگینا لە هەوڵەكانیان سەركەوتوو نابن، واتە ئەو ناونیشانە، قوتابخانە سەوزەكان، بۆ وەرگرتنی نمرە و دەستخۆشی و سوپاس پێزانین نییە، دەبێ لە واقیعدا ژینگدۆستییەكە بوونی هەبێ لەبەر ئەوەی ژینگە پێش ئەوەی گوفتار بێت كردارە.
بۆیە پێویستە، لە ئێستا بەدواوە، لەكاتی درووستكردنی بینای نوێی خوێندنگاكان، بە پێی ماستەرپلانێك هەوڵبدرێ بیناكان دۆستی ژینگەبن، هەر لەو كەلوپەل و پێداویستیانەی كە بیناكانی پێ بونیاد دەنرێت، تا ناوچەی سەوزایی و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆكان بۆ ئاودان و زۆرشتی تر.
یەكەم: شوێنی سەوزایی
فەزای سەوزایی لە قوتابخانەكان یەكێكە لە گرنگترین ئەو بیرۆكانە، ئەمەش لە یەكەم نیگاوە دەرخەری ئەوەیە كە نیگەرانی ژینگەیی هەیە، بەو پێیە گرنگە پارچە زەوییەك لە گۆڕەپانی هەر قوتابخانەیەك بۆ سەوزایی تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن فێری گرنگی كشتوكاڵ و جۆرەكانی ڕووەك و سەوزە وەك سەرچاوەی خۆراك ببن، بەشێك لە وانەكان بكرێنەكرداری و قوتابیان و خوێندكاران بەكرداری كاری تێدا بكەن.
دووەم: خواردنی تەندروست
هەندێك قوتابخانە هەن كە ژەمەكان بۆ منداڵان دابین دەكەن بە تایـبەتی ناحكومییەكان، ئەگەر ئەم قوتابخانەیە حەزی لە گرنگیدان بە ژینگەیە، دەبێت هەوڵبدات كەمترین پاشماوەی هەبێ و زیاتر گرنگی بە خۆراكە ڕووەكییەكان بدات، بە تایبەتی ئەو ڕووەك و خۆراكانەی لە ناو وڵات بەرهەم دەهێنرێن.
سێیەم: قەدەغەكردنی بەكارهێنانی پلاستیك.
پێویستە قوتابخانە سەوزەكان هانی خوێندكاران بدەن كە بە قۆناغ واز لە بەكارهێنانی ماددە پلاستیكیەكان بهێنن بۆ زیادكردنی هۆشیاری كرداری لەسەر پرسی پیسبوونی پلاستیك، هەروەها هانیان بدەن بۆ بەكارهێنانی بوتڵی ئاوی تەندروست لەبری بوتڵی پلاستیكی.
چوارەم: جلوبەرگی قوتابخانە و كتێب.
هەر قوتابخانەیەك جلوبەرگی تایبەتی خۆی هەیە و كۆمەڵێك قۆناغی خوێندنی هەیە، هەروەها خوێندكاران هانبدرێن ساڵ بە ساڵ جلوبەرگی قوتابخانە ئاڵوگۆڕ بكەن، هەروەها كتێبی خوێندن، واتە دەكرێ لەبری فڕێدانی جل و بەرگەكان بدرێ بە كەسە نزیكەكان یاخود ئەو كەسانەی بژێوی ژیانیان خراپە، ئەو كات جل و بەرگەكان نابنە پاشماوە و فڕێ نادرێن.
پێنجەم: بەكارهێنانی پاسكیل
پێویستە قوتابخانە سەوزەكان هانی خوێندكاران بدەن كە بە پێ یان پاسكیل هاتوچۆ بكەن بۆ چوونە قوتابخانە و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، پێویستە شوێنێك بۆ وەستانی پاسكیل تەرخان بكەن و پەروەردەیان بكەن سەبارەت بە گرنگی بەكارهێنانی ئامرازەكانی گواستنەوەی بەردەوام بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی هەوا.
شەشەم. نەمام و گوڵ ڕواندن.
پێویستە مامۆستایان، قوتابییەكان هانبدەن لە ساڵیادی لەدایكبوون، (عید میلاد) لە باخچە یا لە ناو پۆل و ڕێڕەوی قوتابخانەكان گوڵ و نەمام بڕوێنن، دەكرێ بۆ هاندان بكرێن بەناوی خۆیانەوە و ڕۆژانەش چاودێری بكەن، ئەمەش وای لێدێت هەر لە تەمەنی منداڵییەوە گوڵ و نەمامیان لا خۆشەویست دەبێت، و قوتابخانەكەش لێی سوودمەند دەبێت لە ڕووی زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی.
حەوتەم. جیاكردنەوەی پاشماوەكان.
پێویستە قوتابخانە سەوزەكان، كاری لەپێشینەیان، فێركاری بێت بۆ قوتابییەكانیان، هەر چەندە تا دەكرێ نابێ پاشماوەی جۆراو جۆریان هەبێ، ئەگەر هەیان بوو، پێویستە بەچەند سەلەیەكی تایبەت، پاشماوەكان لەیەك جیا بكرێنەوە، واتە، كاغەز، شووشە، پلاستیك، خۆراك، ئەو كات دەكرێ پاشماوەكان بگەیەنرێتە شوێنی تایبەت بە ڕیسایكل كردن.
هەشتەم. گرووپی ژینگەپارێزی.
بۆ ئەوەی سەرجەم قوتابیان و مامۆستایان ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن لە پاراستن و بونیادنانی ژینگەی قوتابخانەكە، پێویستە چەند گروپێكی ژینگەدۆستی درووست بكرێ، ئەویش ڕۆژانە یا هەفتانە چالاكی كرداری ئەنجامبدەن، بۆ نموونە هەڵمەتی پاككردنەوە، نەمام ڕواندن، چاودێری پاك و خاوێنی گۆڕەپان و سەرئاوەكان، پویستە باجێكی تایبەت بە گرووپەكە هەبێ، تەنانەت هێلەگی تایبەتیان هەبێ بۆ ئەوەی بناسرێنەوە كە ژینگەپارێزن.
نۆیەم. ڕێزلێنانی ژینگەیی.
پێویستە هەفتانە لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە، سوپاس و پێزانین و تەنانەت پێدانی نمرە، بدرێ بەو قوتابیانەی كە بەشداری گروپەكە دەبن و ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی ژینگە، ئەمیش تەنها بۆ ئەوەیە كە قوتابییەكان بە تیم و گرووپ كاربكەن و ببێتە هاندانێك بۆیان.
ئەمە چەند هەنگاوێكی كەمە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا،قوتابخانەكانمان ببنە دۆستی ژینگە ئەگینا دەكرێ، چەندین هەنگاوی تر بنرێت بۆ ئەوەی ژینگە ڕەنگبداتەوە لەناوەندەكانی خوێندن.
*سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە