بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم و رەوشی كارەبا، یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی ڕادەستی حكومەت کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، خەلیل سلێمان، بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم و ڕەوشی كارەبا یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی ڕادەستی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان كردەوە.
وتیشی: بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی كە لەپشكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بووە، ماوەی نۆ ساڵە بە یاسا و ئیدارە خزمەت دەكات و بە پاكی و ڕاستی خزمەتی خەڵكیان كردووە و ئەوەش جێگای شانازی و دەستخۆشییە بۆ یەكگرتووەكان.
تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا سلێمانی ئەو زانیارییەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و ئەمڕۆش چالاکییەکی سالار حیسامەدینی بڵاوکردەوە و وەک بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ناساندوویەتی.