یەکێتی و گۆڕان: دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت



یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، پێویستە مافی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت و نابێت کاتی زیاتر بە فیڕۆ بدرێت و جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەئامادەبوونی مستەفا سەید قادر و قوباد تاڵەبانی لە دەباشانی سلێمانی کۆبوونەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکە، یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستن و لێکنزیککردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکانی کوردستان، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

ئەوەشخرایەڕوو کە پاش تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکەوەکارکردنی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان.

لە تەوەرێکی دیکەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت و لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنێکی ریشەیی و مافی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت.

هەروەها بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر و بە شێوازێک کە خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بکرێت.

 

 

مەسرور بارزانی بەرەوە ئیمارات بەڕێکەوت
پێت مەسرور بارزانی بەرەوە ئیمارات بەڕێکەوت
هەلی دامەزراندن بۆ مامۆستا ڕاگەیەندرا
دوات هەلی دامەزراندن بۆ مامۆستا ڕاگەیەندرا
پەیوەنیدر