بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی ٢٠ ساڵەی مورافەعە مێژووییەکەی مام جەلال پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، “بە شانازییەوە یادی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە کە سەرۆک و ڕابەرمان بە نەخشە و بەڵگەی مێژووییەوە کوردستانیبوونی کەرکووکی سەلماندەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “کەرکووکی قودسی کوردستان بەشێکی گەورە و گرنگی خەباتی سیاسیی سەرۆک مام جەلال بوو، ئەمڕۆش ئێمە بە ھەمان وزە و رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە دەدەین و خەبات لەپێناو سەربەرزیی و سەرفرازیی کەرکووک و خەڵکە تێکۆشەرەکەیدا دەکەین”.
بافڵ تاڵەبانی، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە لە کەرکووک و لەناو دڵی خەڵکە خۆڕاگرەکەیدا بووە، خەمی کەرکووک خەمی ئێمەیە و گەیشتن بە مافە یاسایی و دەستوورییەکانیشی لە ئەستۆی ئێمەیە.
وتیشی، ئێمە دەمانەوێت کەرکووک وەک ھەمیشە نموونەی باڵای ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بمێنێتەوە و خەباتیشی بۆ دەکەین، کەرکووک ئەو شارە بێت کە ھەموو دانیشتووانەکەی بەسەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانەوە دوور لە ناکۆکی، بە خۆشەویستی و بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ داھاتوویەکی پرشنگدارتر بکەن و کەرکووک ببێتەوە بەو شارەی ھەمووان خەونی پێوەدەبینن.