جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە پەرلەمانەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت.
كەریم شكور، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرسێکی ئاڵۆزە و یەکلاییکردنەوەی ئاسان نییە، چونکە پێكهاتەی سوننە دەبێت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕێبکەوێت، لە ئێستاشدا پۆستەكە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت تا ئەو كاتەی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێرێت.
ناوبراو لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ” بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش لە پەرلەمان هاوڕان كە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت وهیچ كەسێك دژی نییە، بۆیە پێمان وایە دەتوانرێت کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت”.