وتەبێژەکەی سودانی: هاوپەیمانان بوونەتە فاکتەری ناسەقامگیری عێراق



وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوونەتە فاکتەری ناسەقامگیری لە عێراق و جەخت لە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەحیا ڕەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربارەی هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەوی بەغدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا نابەرپرسانە دەبنە هۆی لەمپەر دروستکردن بۆ لێکگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دووقۆڵی و لە ڕێی هێرشێکی ئاسمانییەوە کارێکی تیرۆریان لە ناوجەرگەی گەڕەکێکی بەغدا ئەنجام دا.

وتەبێژەکەی سودانی ڕاشیگەیاند، ئەمریکا سەرەوەری عێراقی پێشێلکردووە و سەرکێشی بە ژیانی خەڵك و ڕۆڵەکانی گەلەکەمانەوە دەکات، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە هاوپەیمای نێودەوڵەتی بەو هێرشەی، هۆکار و ئامانجەکانی مانەوەیانی لە خاکی عێراق پێشێلکردووە.

یەحیا ڕەسول ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هێرشە حکومەتی عێراق زیاتر هان دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە بووەتە فاکتەری ناسەقانگیری لە عێراق و وڵاتیش ڕادەکێشێتە نێو بازنەی ململانێوە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئەرکی دەستووری خۆی هەڵدەستێت بۆ پاراستنی ئاساییشی خەڵک و خاکی عێراق لە هەر هەڕەشەیەک.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە شەوی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا ئۆتۆمبێلێکی میلیشیای حزبوڵای عێراقی لە بەغدا کردە ئامانج و بە هۆیەوە سەرکردەیەکی دیاری میلیشیاکە بە ناوی ئەبو باقر ساعیدی و چەند چەکدارێکی دیکە کوژران.

ئەمریکا ئەو میلیشیایە تۆمەتبار دەکات بەوەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و بەرپرسیشە لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئوردن کە کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی دەیانی دیکەی لێکەوتەوە.

ساڵی رابردوو: زیاتر لە ١٧ هەزار هاوبەشی نوێ لەسلێمانی کارەبایان وەرگرتووە
پێت ساڵی رابردوو: زیاتر لە ١٧ هەزار هاوبەشی نوێ لەسلێمانی کارەبایان وەرگرتووە
کەشناسی: خۆڵبارین مەودای بینین کەمدەکاتەوە
دوات کەشناسی: خۆڵبارین مەودای بینین کەمدەکاتەوە
پەیوەنیدر