شانهی راگەیاندنی ئهمنی عێراق رایگهیاند، بەهۆی هێرشەكەی ئهمشهوهوە، ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسانی حەشدی شەعبی بە تەواوی سووتاوە و ئەوانەی ناویشی هەموویان گیانیان لە دەستداوە و تیمێکی تایبەتیش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکات و سەرجەم دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغداش داخران.
شانەی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دهڵێت: “تیمێكی تایبەتمەند لە هێزە تایبەت و ئەمنییەكان پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێك لە ناوچەی مەشتەل لە بەغدا”.
دەشڵێت:” بەهۆی هێرشەكەوە، ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسانی حەشدی شەعبی بە تەواوی سووتاوە و ئەوانەی ناویشی هەموویان گیانیان لە دەستداوە”
ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک و سێ کەسی تێدابوون کە هەرسێکیان کوژران، هەروەها میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی بڵاویکردووەتەوە کە ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەل لە بەغدا کوژران.
بەپێی زانیارییەکان فیرقەی خاص لەناوچەی سەوزی بەغداد بڵاوەی پێکرا بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و سەرجەم دامەزراوە دیپلۆماسی و نێردەی وڵاتان.
هەروەها حکومەتی عێراق تەواوی ناوەندە دیپلۆماسیەکان و نێردەی وڵاتانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئەرکی پاراستنیان لەئەستۆی حکومەتە و رێگە بەهیچ کاردانەوەیەک نادەن دژیان
هەروەها سەرجەم دەروازەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا داخران.