ئیسڕا و میعراج دوو ڕووداوی گەورەن و بە موعجیزەی گەورەی مرۆڤایەتی ناسراوە، كە لە یەك شەودا بە سەر محەمەد (د.خ) پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتوون و تێیاندا پێغەمبەر لە مەككەوە ڕۆشتوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) و لەوێوە بۆ ئاسمانەكان و دواتر گفتوگۆی لەگەڵ خوای گەورە ئەنجامدا و نوێژ فەرز كرا، وەك زانایانی ئایینی-ش دەڵێن: “یەكەم نوێژی فەرز نوێژی نیوەڕۆ بووە”.
بەپێی ڕۆژمێری (كۆچی)، ئەمشەو، شەوی 7 لەسەر 8ی شوبات-ی 2024 بەرامبەر بە شەوی 27ی ڕەجەب-ی 1445ی كۆچی، كە لەو شەوەدا و بە ساڵێك پێش ڕووداوی گەورەی (كۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە) موعجیزەی (ئیسڕا و میعراج) ڕوویدا و یەكێك لە پایەكانی ئیمان و ئیسلام لەسەر پێغەمبەر (د.خ) و موسڵمانان فەرزكرا، كە ئەویش نوێژە.
ئەمڕۆ 26ی ڕەجەبی ساڵی 1445ی كۆچی ماوەی 1446 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر فەرزبوونی نوێژ بەو پێیەی ساڵێك پێش ڕووداوی گەورەی (ئیسرا و میعراج) فەرزكراوە و یەكەم نوێژی فەرزیش، كە پێغەمبەر (د.خ) كردوویەتی، نوێژی نیوەڕۆ بووە.
مەلا ئەحمەد قامیشی، مامۆستای ئایینی لە شاری سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە موعجیزەی شەو ڕەوی (ئیسڕا و میعراج)ی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ئەو بەخششەی خوای گەورە پێی بەخشی بە خۆی و ئوممەتەكەی، فەرزكردنی نوێژ بوو.
ڕاشیگەیاند، یەكەم نوێژی فەرز كە پێغەمبەر (د.خ) ئەنجامی داوە نوێژی نیوەڕۆ بووە و حەزرەتی جوبرەئیل (س.خ) نوێژەكەی فێری پێغەمبەر كردووە بەجۆرێك ئەو نوێژەكەی كردووە و لەدوایەوە پێغەمبەر كردویەتییەوە.
وتیشی، “نوێژە فەرزەكانی خوای گەورە 50 نوێژ بووە، بەڵام خوای گەورە لە خۆشەویستی و ڕێزی پێغەمبەرەكەی كەمی كردۆتەوە بۆ 5 نوێژی فەرز، كە وەك نوێژ 5 نوێژ دەكرێت، بەڵام خێر و پاداشتی لای خوای گەورە 50 نوێژە”.
ئیسڕا و میعراج چییە؟
ئیسڕا:
ئیسڕا بریتیە لە سەفەری شەوانەی پێغەمبەری ئیسلام ﷺ لە مەككەوە بۆ قودس. ئەم گوێزانەوەیە لە قورئاندا لە سورەتی (ئیسرا)دا باسی لێ كراوە.
بەشێك دەقی ئایەتەكە بە كوردی ئەمەیە: “پاك و بێسووچە ئەو كەسەی، كە بەندەكەی خۆی لە شەودا لە مزگەوتی حەرامەوە برد بۆ مزگەوتی ئەقسا، كە دەورەكەیمان پیرۆز كردوە، تا ھێندێك لە نیشانەكانی خۆمانی پێ پیشان بدەین”.
میعراج:
میعراج بریتییە لە بەرزبوونەوەی محەمەد ﷺ بەرەو ئاسمانەكان لەگەڵ جوبرەئیلدا، پێغەمبەر ﷺ لەم گەشتەدا لەگەڵ خودادا گفتوگۆی كرد و چاوی بە كۆمەڵێك لە پێغەمبەران و فریشتەكان كەوت. باسی میعراج لە قورئاندا نەھاتووە و لە فەرموودەوە وەرگیراوە.
ئیسڕا و میعراج لە وێژەی كوردیدا:
مەولەوی لە عەقیدەی مەرزییەدا بەم جۆرە باس لە میعراج دەكات:
ڕێی چەن هەزار ساڵ، تەی چەن حیجابات
زاتی حەق، كەلام، سوئال جەوابات
چوو، بوو، دی، بیستی، كریا، دریاوە
ھاتەوە حەڵقە ھەر دەلەریاوە
مەحوی دەڵێ:
شەو، شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ وا دەبێ
بیپەرستێ، بەڵكوو سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە ڕۆژ
هەروەک مەولەوی شاعیر دەڵێت:
ڕێی چەند هەزار ساڵ تەی چەند حیجاب
زاتی حەق کەلام سوئال جەوابات
چوو بوو دیی بیستی کریا دریاوە
هاتەوە حەلقە هەر دەلەریاوە
چۆن نوێژ فەرزكرا؟
پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ﷺ لە شەوی ئیسڕا و میعراجدا بە یاوەری حەزرەتی (جوبڕەئیل) چۆتە خزمەتی خوای گەورە لە (سیدرە) كە جێگایەكە هیچ كەس نەچۆتە ئەو شوێنە تەنها پێغەمبەر ڕۆشتووە ﷺ، بەڵام پێغەمبەر- خوای نەبینیوە، بەڵكو تەشریفات و ئیمتیازێك بوو لەو جێگایەدا درایە پێغەمبەری خوا ﷺ لە گەڕانەوەیدا خوای گەورە نوێژی فەرزكرد لەسەر موسڵمانان.
ئەوەی لە فەرموودە باسكراوە سەبارەت بە گفتوگۆی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ:
پێغەمبەر ﷺ لەو جێگایەدا، كە بە (سدرە المنتهی) لە گفتوگۆیەك لەگەڵ خوای گەورە دەكات.. پێغەمبەری خوا ﷺ، فەرمووی لەو جێگایەدا نەمزانی چی بڵێم لە خزمەتی پەروەردگاردا.. خوای گەورە خستیە دڵم بڵێم: (التحیات المباركات الصلوات الگیبات لله) واتا “سڵاوێك پڕبێت لە پیت و بەرەكەت و باشە كەشایستەی خوای گەورە بێت”، خوای گەورە وەڵامی پێغەمبەری دایەوە ﷺ فەرمووی: (السلام علیك أیها النبی ورحمە الله وبركاته) واتا “سڵاو لە پێغەمبەر بێت و ڕەحمەت و بەركەتی خوا بەسەرتەوە بێت ئەی محمد”.. پاشان فریشتەكانی، كە گوێیان لەم گفتوگۆیەی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ بوو ئەوانیش فەرموویان (السلام علینا، وعلی عباد الله الصالحین) واتا “ئەو سڵاوی پڕ پیت و بەركەتەش لە ئێمەی فریشتە و چاكەخوازن بێت لە چەكەخوازنی سەرزەوی بە پیاو و ژنەوە”.. ئیتر لەو كاتەوە سروودی نیشتیمانی و ئاینی و دینداری موسڵمانان بووبە بەم سروودە یەكتاپەرستیە بە یەك دەنگ لە ئاسمان و زەویدا ئەوەی موسڵمانە هاواریان كرد..( أشهد أن لا إله إلا الله، وأشهد أن محمداً ڕسول الله).
ئایا پێغەمبەر ﷺ بەڕۆحی چۆتە خزمەت خوای گەورە یان بە جەستەش؟
ئەهلی (سوننەت و جەماعە) پێمان وایە، كە بە دڵنیایەوە بە لاشە و جستەی سەرتاپا تەشریفی بردوە بەروە ئاسمان و بۆ قودس-یش هەروەها، بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە، كە ئەگەر وانەبێت موعجیزەكە ئەوەندە گەورە نەدەبوو، چونكە، كە دەڵێن موعجیزەیە دەبێت هەموو مرۆڤ و تەنانەت بونەوەری خوای گەورە لەبەردەم ئەو معجیزەیەدا دەستەوستان بن.