كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكرێت



دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆتە جێگەی ناڕەزایی ناوخۆیی و ناوەندە جیهانییەكان و بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە لەنێوان 19 بۆ 30ـی ئایاری ئەم ساڵ ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.

دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا هەرێمی كوردستان بێ‌ چەند جارێكیش لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە كاتی هەڵبژاردن دیاری كراوە، بەلام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان و دواهەمینیشیان تۆماركردنی سكاڵا لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە كورسی پێكهاتەكان و بازنەكانی هەڵبژاردن تا ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدراوە.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، “بڕیارە لەنێوان 19 بۆ 30ـی ئایار، ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە”.

وتیشی، “سێ ملیۆن و 789 هەزار و 630 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا دوو ملیۆن و 787 هەزار و 689 کەس کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە و دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن”.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی 31-1-2024 ڕایگەیاند، دەست بە تۆمارکردنی لەدایکبووانی ساڵی 2006 و ئەو کەسانە دەکرێت، کە تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە و بڕیارە تاوەکو 22ـی ئەم مانگە بخایەنێت.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومی فەرمی دوو جار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كردبوو، بەڵام ئەنجام نەدرا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، كە بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە، كە لە 18-12-2023 ئەنجام درا، ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 25ی 2ی 2024 ئەنجام بدرێت، چونكە پێویستیان بە 6 مانگە بۆ ئامادەكاری.

لە ئێستاشدا بەهۆی ئەو سكاڵایەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دادگای فیدڕاڵی تۆماری كردووە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن لە هەرێم، كە داوای كردووە بە شێوەی 4 بازنەیی بێت و هەروەها كورسی پێكهاتەكان، سەرۆكایەتی هەرێم نەیتوانیوە مەرسوم دەربكات بۆ دیاری كردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیارە دوای بڕیاردان لە سكاڵاكە لەلایەن دادگاوە، كە كۆتایی ئەم مانگە دەبێت، كاتی هەڵبژاردن دیاری بكات.

سەرەڕای ڕەخنە و ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆ لەسەر دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش ڕەخنە لە دواكەوتنی هەڵبژاردن دەگیرێت و شەوی ڕابردوو لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەریەكە لە پلاسخارت و نوێنەری چین و ڕوسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا داوایان كرد، هەرچی زووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی، “دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی کەس نییە و سەقامگیری ناهێنێتە ئاراوە، بەڵکو زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز دەکات”.

نوێنەری سویسراش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، بە پێویستی دەزانین هەولێر و بەغدا کاری جدی زیاتر بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و، ئامادەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چیتر دوانەخرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە نەبوونی پەرلەمان وادەكات حكومەت ببێتە كاربەڕێكەر و چاودێری پەرلەمانی بەسەرەوە نەمێنێت و یاسای بودجەی نەبێت و بەوەش بەبێ‌ یاسا داهات كۆبكاتەوە و خەرجی بكات.

سەرۆكی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی بۆ ئەفسەرانی باڵای پێشمەرگە كرد
پێت سەرۆكی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی بۆ ئەفسەرانی باڵای پێشمەرگە كرد
سۆران عومەر: دواکەوتنی هەمواری یاسای بودجە پەیوەندی بە هەرێمەوە نییە
دوات سۆران عومەر: دواکەوتنی هەمواری یاسای بودجە پەیوەندی بە هەرێمەوە نییە
پەیوەنیدر