مووچەی خانەنشینان زیادكرا و وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی عێراق ئاشكرای دەكات، لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، كە ئاژانسی فەرمی (العراقیە) بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، دەست بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی كرێكاران دەكرێت بۆ مانگی 1ی ساڵی 2023.
لای خۆشیەوە، خلود حەیران، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران ڕایگەیاندووە، فەرمانگەكەیان ئەمڕۆ چوار شەممە پێش كۆتایی هاتنی ساڵی دارایی سەرجەم ڕێكارەكانی تایبەت بە خەرج كردنی مووچەی خانەنشینی كرێكارانی تەواو كردووە.
ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ مووچەی خانەنشینیدا بڕی 50 هەزار دیناری مانگانە دەدرێتە هەر خانەنشینێك تاوەكو ئەو كاتەی یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران دەردەچێت و مووچەیان زیاد دەبێت.