وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەستیان بە هەڵمەتێكی نوێی كوتانی فرەڤاكسین بۆ منداڵان لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان كردوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە هەڵمەتی 10 رۆژەی كوتانی فرەڤاكسینی 18-12ـەوە بۆ ئەو منداڵانە دەستیپێكردوە، كە پێشتر ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، داواش لە دایك و باوكان دەكات بۆ پاراستنی منداڵەكانیان لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان، بەشداری لە هەڵمەتەكەدا بكەن و ئەركی خۆیان لە بەرامبەر منداڵەكانیان جێبەجێ بكەن.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە هەڵمەتەكە یارمەتیدەرێكی گەورەیە بۆ پاراستنی منداڵ و نەوەكانی داهاتوو لەو نەخۆشییە پەتایی و گوازراوانەی، كە تەنها بە كوتان خۆپارێزییان لێ دەكرێت.
هاوكات وەزارەتی تەندروستی داوا لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تەندروستی لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانیش دەكات، بۆ هاندانی هاووڵاتیان لەسەر كوتانی منداڵەكانیان لە رێگەی راگەیاندنەكانیانەوە بەشداری لە هەڵمەتەكەدا بكەن و پەیامی تەندروستیی تایبەت بە هەڵمەتی كوتانی فرەڤاكسین بڵاو بكەنەوە.