وەزیری پەروەردە لەگەڵ جێگری نوێنەری ڕێكخراوی UNHCR لە عێراق باسیان لە پرۆسەی خوێندنی پەنابەرانی سووری و میكانیزمی جێبەجێ كردنی سیاسەتی تێكەڵكردنی قوتابیانی پەنابەری سووری و قوتابیانی هەرێمی كوردستان كرد.
ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێكەوتی ۲۱ی۱۲ی۲۰۲۲ پێشوازی لە خاتوو “نیكۆڵ ئیپتنگ” جێگری نوێنەری ڕێكخراوی UNHCR لەعێراق – هەرێمی كوردستان شاندی یاوەری كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا باس لە پرۆسەی خوێندنی پەنابەرانی سووری و میكانیزمی جێبەجێ كردنی سیاسەتی تێكەڵكردنی قوتابیانی پەنابەری سووری و قوتابیانی هەرێمی كوردستان كرا، هەروەها خزمەتكردنی زیاتری كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان باسی لێوە كرا.
هەروەها شاندەكە پاڵپشتی خۆیان نیشاندا بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەك و لەكۆتاییدا وەزیری پەروەردە دەستخۆشی لە رێكخراوی ناوبراو كرد وە گرنگی هەماهەنگی نێوان وەزارەت و رێكخراوەكەی بەرز نرخاند.