پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوو کەسیان لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك دەستگیرکرد کە تۆمەتبارن بە شکاندنی قاسەی فرۆشتگایەک و دزینی 18 ملیۆن دینار.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای لەبەشی پۆلیسی سەیدسادق تۆماركرد كە قاسەی فرۆشتگاکەی شكێندراوە و بڕی 18 ملیۆن دیناری لێدزراوە، هێزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق لێكۆڵنەوەو بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد.
ڕوونیشیکردەوە کە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، سەرەنجام توانرا لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند، ئێستا هەریەك لە تۆمەتباران، (ح، ب، ع) لەدایكبووی 1980 و (أ، ح، ع) لەدایكبووی 1979 بەناسنامە سووری، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.