بهرێوهبهرایەتی پهروهردهی ههولێر ئاگاداری بەرێوەبەری 19 خوێندنگە دەكاتەوە، كە كارتی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان تەواو بووە و لە بانكی (فیدڕاڵ) وەریبگرنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر لە ئاگادارییەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەڕێوەبەری 19 خوێندنگەی سنووری پەروەردەکەمان ئاگادار دەكەینەوە، كە ئاگاداری سەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە بكەنەوە کە 401 كەسن، ڕۆژی یەک شەممە 4ی 2ی 2024، سەردانی بانكی فیدڕاڵ بكەن و کارتی بانکی پرۆژەی (هەژماری من)یان پێ دەدرێتەوە، بەو مەرجەی ناویان لە لیستەكاندا هەبێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، “ئەو خوێندنگایانەی دەوامیان بەیانیانە، ئێواران سەردانی بانك بکەن و ئەو خوێندنگایانەی دەوامیان ئێوارانە دەتوانن بەیانیان سەردانی بانکی فیدڕاڵ بکەن.”
پەروەردەی هەولێر جەختیشی كردۆتەوە، لە کاتی سەردانی بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکیی، پێویستە ئەم بەڵگەنامانە هەبێت: (کارتی نیشتمانی، یاخود ناسنامەی باری شارستانی، مۆبایل و ژمارەی مۆبایل، دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكەی خۆی ئامادە بێت).