ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پشکی ھەرێم لە یاسای بودجە گۆڕانکاری بەسەردانایەت و چارەسەری کێشەی مووچەش ئەوەیە بەغداد راستەوخۆ مووچە دابەش بکات، بەڵام ھەرێم دۆسیەی فەرمانبەرانی رەوانە نەکردووە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تەلەفزیۆنی رەسمی عێراقی راگەیاندووە، پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا گۆڕانکاری بەسەردانایەت کە ١٢.٦٧٪ و کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت لە ھەمواری یاساکە چارەسەر بکرێت.
راشیگەیاند، گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکرێت بەشێوەیەکی تر چارەسەر بکرێت ئەویش دابەشکردنی راستەوخۆی مووچەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەکو سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق.
موعین کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کاتەدا حکومەتی ھەرێم پێویستە ناو، ناونیشان و پلەی فەرمانبەرێتی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ حکومەتی عێراقی بنێرێت بۆ ئەوەی ئەژماری بانکیان بۆ بکرێتەوە، داواش لە حکومەتی ھەرێم کراوە دۆسیەی تەواوی مووچەخۆران بنێرێت، بەڵام تائێستا بەدەستیان نەگەیشتووە.