سەرەڕای ڕێكار و بڕیارەكانی بانكی ناوەندی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بەهای دۆلار، بەهای ئەو دراوە ئەمریكاییە بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبووەوە و شارەزایانی ئابووریش هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ مەترسی هێرشی سەربازی ئەمریكا و سزاخستنە سەر بانكەكان.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهای دۆلار بەردەوام لە گۆڕاندایە و لە دۆخێكی ناسەقامگیردایە و نرخەكەی بەرزبۆتەوە.
ڕاشیگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دراوەكان بەهای 100 دۆلار بۆ 152هەزار دینار بەرزبووەوە، لەكاتێكدا دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەهاكەی بۆ 151 هەزار دینار دابەزیبوو.
ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ بانكی ناوەندی عێراق بڕی زیاتر لە 215 ملیۆن دۆلاری خستۆتەڕوو، هەروەها بڕیاریداوە سەرجەم مامەڵەكان بكرێتە دینار و كارتی ئەلیكترۆنیش بۆ بازرگانە بچووكەكان دروست بكات بۆ پێدانی دۆلار.