سەرەڕای پەسەند كردنی بودجەی عێراق و پشكی هەرێم، بەڵام دۆخی دارایی و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تادێت خراپتر دەبێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقیش یەكتر تۆمەتبار دەكەن، هاوكات پاڵپشتی ناردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن پەرلەمانتارانەوە زیاتر بووە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (الصباح)ی عێراقی، بڕیاروایە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادی پایتەخت بكات بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەبارەی چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، هەولێر دەڵێت: پیلانگێڕی هەیە دژی هەرێمی كوردستان، بەغدادیش داوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجە و ڕادەستكردنی داتای فەرمانبەران دەكات بە ئامانجی ڕەوانەكردنی مووچەكانیان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ.گ
محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئۆباڵەكە دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، كە “جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجەی فیدراڵی ڕەتدەكاتەوە بەجۆرێك زامنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات بەشێوەیەكی رێك و پێك”.
وتوشیەتی، “پێویستە لەسەر هەرێم داهاتەكانی ڕادەست بكات و هەژماری بانكیەك بكاتەوە و نەوت لەڕێی كۆمپاینای سۆمۆوە هەناردەبكات و هەركات هەرێم ئەو داوایانەی جێبەجێكرد مافی خۆی لە بودجە وەردەگرێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “سەردانەكەی وەزیری دارایی بۆ بەغداد و دیداری لەگەڵ وەزیری دارایی فیدڕاڵی و لیژنەی دارایی، ڕێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی هەولێر داتای تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەستی بەغداد بكات بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ مووچەكانیان بۆ ڕەوانەبكرێت”.