سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، پێویستیمان بە ژمارەیەکی زۆر بەنداو و بەکارهێنانی رێگای نوێی ئاودێری و هاریکاری هەیە بۆ کەمکردنەوەی بە فیڕۆدانی ئاو.
د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە جاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئابوری ئەمریکی رایگەیاند:”تەرکیزی سەرەکیمان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتە، بەبێ ئەوانە هیچ بەدەستناهێنین و گەورەترین گۆڕانکاری کە عێراق بەخۆیەوە بینیوە، ئازادی و دیموکراسییە، رەنگە لەسەر هەموو هەنگاوەکان کۆک نەبین، بەڵام ئازادیی راگەیاندن و ڕادەربڕین و هەڵبژاردنمان هەیە.
راشیگەیاند، بەدەست ململانێی ناوخۆی و دەرەکی و جەنگ لەگەڵ دراوسێکان و دواتر ئابڵوقە و داگیرکاری و کردەوەی تیرۆریستییەوە ناڵاندومانە، یەك لەسەر سێی وڵاتمان بۆ ماوەیەکی کورت کەوتە دەستی تیرۆریستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق پێشکەوتنی لە دۆسێی ئاسایشدا بەدەستهێناوە، هەروەها ئاسایشی ناوخۆیی لە ژمارەیەک پارێزگادا ڕادەستی پۆلیس کراوە، دوای ئەوەی سوپا بۆ چەند ساڵێك بەرپرسیار بوو لە ئاسایشی ناوخۆ.
دەشڵێت:”وەبەرهێنانی بیانی و چالاککردنی جوڵەی ئابوری، لە کارە لە پێشینەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی عێراقە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناهاوسەنگییەی، کە وڵات بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بەهۆی جەنگ و تیرۆر و ناسەقامگیرییەوە بەدەستیەوە دەیناڵاند”.
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستیمان بە پشتیوانی نێودەوڵەتی و پاڵپشتی وڵاتانی دۆستە لەپێناو هاندانی وەبەرهێنان و بەشداریکردن لە پرۆژەکاندا، بەوپێیەی وەبەرهێنانی گرنگ و گەورە لە عێراقدا هەیە.
“رێککەوتنمان لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و قەتەر و چین و زۆرێك لە وڵاتانی دۆست و هەندێك وڵاتی ئەوروپی وەك فەرەنسا و بەریتانیا هەیە جا لە کەرتی وزەدا بێت یاخود لە کەرتەکانی تردا’ سەرۆککۆماری عێراق وای وت.
سەبارەت بە کێشەی ئاو لە عێراقدا وتیشی:”کێشەی ئاو لە عێراقدا پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە زۆربەی سەرچاوەکانمان لە دەرەوەی وڵاتن بەتایبەتی لە تورکیادان و پاشان ئێران، سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئەو بەشە ئاوەی کە پێمان دەگات”.
د. لەتیف رەشید، راشیگەیاندووە، هۆکاری سروشتی هەن وەك باران و بەفر و پلەی گەرما، کە کاریگەرییان هەیە لەسەر بڕ و کوالیتی ئەو ئاوەی بەدەستیدەهێنین. عێراقیش پێنجەم وڵاتە کە زۆرترین کاریگەری مەترسیداری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.
سەرۆککۆماری عێراق لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە:”چۆنێتی بەڕێوەبردنمان بۆ سەرچاوەکانی ئاو زۆر گرنگە، هەروەها لە هەموو لایەنەکانی بواری ئابوری و ژێرخاندا پشتگوێخستن هەبوە، هەروەك بەڕێوەبردنی ئاویش پشتگوێخرابوو، پێویستیمان بە ژمارەیەکی زۆر بەنداو و بەکارهێنانی رێگای نوێی ئاودێری و هاریکاری هەیە بۆ کەمکردنەوەی بە فیڕۆدانی ئاو”.