کارمەندانی تەندروستی سلێمانی دواهەڵوێستی خۆیان لەبارەی بایکۆتەوە راگەیاند



لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی  هۆشداری دەدەن بە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی و دەڵێن، لەئەگەری دابەشنەکردنی مووچە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بایکۆتی نەخۆشخانەکان دەکەن و بەرپرسیارێتی هەموو رووداوێکی نەخوازراو دەخەنە ئەستۆی ئەوان.

ئەمشەوی سێشەممە، لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لەکاتێکدا زۆرینەی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی چەند شار و شارۆچکەیەکی دەوروبەر بایکۆتیان کردووە و نەخۆشەکانیان روو لەناو شاری سلێمانی دەکەن و هێندەی تر ئەرکی سەر شانمان قورستر بووە، هاوکات زیاتر لە ٤٠ رۆژە زۆرینەی برا پزیشکەکان دەوام و ئەرکەکانیان بۆ ئێمە جێهێشتووە”.

لە بەیاننامەکەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیدا هاتووە :” بەداخەوە هێشتا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی هیچ پێزانینێکیان نییە بۆ رۆڵی گرنگ و پیرۆزی کارمەندانی تەندروستی و ففەرمانبەران و چین و توێژەکانی دیکە جفە لە برا پزیشکەکان، لە کۆتا هەوڵیاندا لە پەیکەری بەرێوەبردنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکاندا، کارمەندانی تەندروستییان سڕیوەتەوە و دەیانەوێت هێندەیتر سەنگ و پێگەمان لاوازتر بکەن و نەیهێڵن”.

لقی سلێمانی سەندیکاکە دەشڵێت:” جیاوازی چینایەتی و مامەڵەی وەزارەتی تەندروستی بە پلە یەک و پلە دوو لەگەڵ سەرچاوە مرۆییەکان هێندەیتر ئازارمان دەدات”.

هەروەها هۆشداری بە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی دەدەن و رایدەگەیەنن:”پاش کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوسینگەکانی شارەکان و لیژنە پسپۆڕییەکان و نوێنەرایەتییەکان، گەیشتن بەوە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بە ئومێدی بەدەنگەوە هاتنی خێرای هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بۆ داواکارییەکانمان، لە ئەگەری بەدەنگەوە نەهاتنیان بەرگەی ئەم قەیرانە قورسەمان نامێنێت و ناچار دەبن ئەم سێکتەرە گرنگ و هەستیارە جێبهڵین، ئەوکاتیش بەرپرسیارێتی هەموو رووداوێکی نەخوازراو دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی”.

ئەوە لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوو ، مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵیشی دابەشنکردووە و بۆ دابەشکردنیشی چاوەڕێی ناردنی پارە دەکات لەبەغداوە.

ئاسایشی هەولێر: باندێکمان دەستگیرکرد کە لەرێگەی کۆم و گەدەیانەوە ماددەی هۆشبەریان دەگواستەوە
پێت ئاسایشی هەولێر: باندێکمان دەستگیرکرد کە لەرێگەی کۆم و گەدەیانەوە ماددەی هۆشبەریان دەگواستەوە
مامۆستایانی ناڕازی ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە
دوات مامۆستایانی ناڕازی ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار