زیاتر لە 25 ئامادەیی لە سنووری پەروەردەی پشتەر بڕیاری بایکۆتیان بۆ وەرزی دووەمی خوێندن دا.
مامۆستایانی پۆلێ دوازدەهەمی زانستی و وێژەیی سنووری پەروەردەی پشدەر لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە، ئێمەی مامۆستایانی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی بەهەردوو بەشی زانستی و وێژەییەوە لەم ماوەیەدا و بە دیاریکراوی لە وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەم ساڵدا، لەسۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی و گرنگی ئەم قۆناغە تەواوی وەرزەکەمان بەڕێکرد، بەبێ ئەوەی لەم وەرزەدا تەنها مووچەیەکمان پێبدرێت.
ئاماژە بەوەشدەکەن، دوای ئاگادار کردنەوە و هۆشداریدان بە لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت لە جێبەجێکردنی داواکانمان، بەڵام وا وەرزێکمان بەڕێکرد و هیچکام لە داواکارییەکان جێبەجێ نەکرا، بۆیە ئێمەش هاوشانی هاوپیشەکانمان لە قۆناغەکانیتر لە وەرزی دووەمدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی قۆناغی دوازدە بە هەردوو بەشەکەیەوە دەکەین و تاجێبەجێکردنی داواکاریە ڕەواکانمان ناگەڕینەوە ناوەندەکانی خوێندن.
دەقی بەیاننامەکە
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان…
مامۆستایانی خۆڕاگر سڵاوی خەباتی مەدەنی و بەردەوامیتان لێبێت…..
بەڕێزان دایک و باوک وکەس وکاری فێرخوازانی ئازیز…
سەرجەم چین و توێژەکانی دەڤەرەکەمان دەڤەری پشدەری سەر بڵند….
هەموو لایەک ئاگادارن کە زیاتر لە (١٤٠) ڕۆژە ئێمەی مامۆستایان بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندمان کردووە و لەم ماوەیەدا بەچەندین ڕێگاو شێوازی جیاواز دەنگی ناڕەزایەتیمان بەرزکردۆتەوە دژ بەو هەموو زوڵم و ستەمەی کە دەسەڵاتی تاڵانکاری هەرێم دەیکات دەرحەق بە سەرجەم چین و توێژەکان بەگشتی و مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەتی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم دەسەڵاتە نەک هەر وەڵامی هیچ داواکارییەکی مامۆستایانی نەداوەتەوە بەڵکوو گاڵتە بە ئیرادەی مامۆستایان دەکات و گرەو لەسەر خۆڕاگری و بوێری ئەم توێژە زندوو چاونەترسەی کۆمەڵگە دەکات بۆ ئەو مەبەستەش بەبەرچاوی هەمووانەوە چەندین ڕێگای جیاوازی بەکار هێناوە بۆ هەڕەشکردن لە مامۆستایان و ترساندنیان و گێڕانەوەیان بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن بێ هیچ دەسکەوتێک.
ئێمەی مامۆستایانی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی بەهەردوو بەشی زانستی و وێژەییەوە لەم ماوەیەدا و بە دیاریکراوی لە وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەم ساڵدا، لەسۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی و گرنگی ئەم قۆناغە تەواوی وەرزەکەمان بەڕێکرد، بەبێ ئەوەی لەم وەرزەدا تەنها مووچەیەکمان پێبدرێت.
وە دوای ئەوەی ئێمە لە کۆتاییەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن و بەر لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز، بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای سەرجەم مامۆستایانی ئەم قۆناغە لە سنوری پەروەردەی پشدەر هۆشداریماندا بە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رێگەی بەیاننامەیەک، کە لەئەگەری وەڵامنەدانەوەی دەسەڵات بۆ داواکاریەکانی مامۆستایان و بەردەوام بوونی لەسەر ئەم بێباکی و خەم ساردیە دەرحەق بە دۆزی مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە ئەوە ئێمەش هاوشانی هاوپیشەکانمان لە قۆناغەکانیتر لە وەرزی دووەمدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی قۆناغی دوازدە بە هەردوو بەشەکەیەوە دەکەین و تاجێبەجێکردنی داواکاریە ڕەواکانمان ناگەڕینەوە ناوەندەکانی خوێندن.
لەبەرئەوە و بەهۆی ئەو بێباکیەی کە دەسەڵات هەیەتی لە بەرانبەر داواکانی مامۆستایان لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە:
ئێمە وەک توێژی مامۆستایان هەمیشە خاوەنی قسە وبەڵێنی خۆمانین و پارێزگاری لە بۆچوون و دەنگەکانمان و واژۆی بەڕیوەبەرەکانمان دەکەین کە لەوەرزی یەکمدا لەسەر ئەم بەڵێنەی کەلەسەرەوە باسمان کرد کردوویانە و بەکۆی دەنگی مامۆستایانی ئەم خوێندنگایانەی کە لەخوارەوە ناویان نوسراوە بۆ وەرزی دووەم بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی پۆلی دوازدەش دەکەین و لەگەڵ هاوپیشەکانمان دڕێژە بە خەباتی مەدەنی دەدەین و شەقام دەکەین بە ناوەندێکی خوێندنی کرداری بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی چاو نەترس و بوێرو ناوەندێکێش بۆ وتنەوەی دەرسی مۆڕاڵی و مرۆڤایەتی بە دەسەڵاتداران.
ناوی خوێندنگاکان:
1- ئامادەیی کوێستان
2- ئامادەیی قەڵادزێی تیکەڵ
3- ئامادەیی ئاسۆسی زانستی
4- ئامادەیی نەورۆزی زانستی
5- ئامادەیی ڕۆژهەڵات
6- ئامادەیی مامەندە
7- ئامادەیی هێرۆ
8- ئامادەیی قەڵادزێی زانستی
9- ئامادەیی هەژین
10- ئامادەیی نیشتمان
11- ئامادەیی هێدی
12- دواناوەندی میدیای ئیواران
13- ئامادەیی ژین
14- دواناوەندی وەفا
15- دواناوەندی ئارامی ئێواران
16- ئامادەیی شەروێت
17- ئامادەیی هەڵشۆ
18- ئامادەیی هەنگاو
19- ئامادەیی شەهید محمد سوڵتانی ئیواران
20- دوا ناوەندی کرژاڵی ئێوارانی کچان
21- ئامادایی ژاراوە
22- ئامادەیی زورکان
23- دواناوەندی هەورین
24- ئامادەیی دەرسیمی وێژەیی
25- ئامادەیی دواڕۆژ
26- ئامادەیی شیلانە
لەکۆتایدا داوا لە مامۆستا بەڕێزەکانی هەردوو خوێندنگای (ئامادەیی بابان و سەنگەسەر) دەکەین کە دەست لە دەوامکردن هەڵبگرن و بێنەوە هاوشانی براو هاوپێشەکانیان بۆئەوەی یەکڕیزی مامۆستایان تێک نەچێت و هەموومان بەیەکەوە بەردەوامبین بۆ هێنانە دی ئامانجەکانمان.
سەرکەوتوبێت خەباتی مەدەنی مامۆستایان
بەیانمای مامۆستایانی پۆلێ دوازدەهەمی زانستی و وێژەیی سنوری پەروەردەی پشدەر