داعش بەشێوازێكی نوێی مەترسیدار دەردەكەوێتەوە



ماوەیەك لەمەوبەر شڕۆڤەكاران هۆشدارییاندا لە دەركەوتنەوەی جموجۆڵەكانی داعش، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە دوو هێرشی ڕێكخراوەكەدا لە كەركوك و دیالە، زیاتر لە 20 كەس بوونەقوربانی، ئەمەش مەترسی شڕۆڤەكارانی لە تواناكانی ئەو گرووپە تیرۆرستییە زیاتر كردووە.

ڕۆژی یەك شەممە لە هێرشێكدا لە خۆرئاوای كەركوك زیاد لە 10 پۆلیسی فیدڕاڵی كوژران و برینداربوون، كە یەكێكیان ڕائیدە.

لە هێرشێكی دیكەشدا لە پارێزگای دیالە لە قەزای خاڵس هەشت هاووڵاتی سڤیل كوژران.

هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، داعش كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو شێوازی كارە تیرۆرستییەكانی خۆیان گۆڕیوە، پپَشتر سەنگەر و شوێنەكانیان دیاربوو و ناوچەی داگیركراویان هەبوو، كە دواتر بە هێرشی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق كۆتایی بە جموجۆڵ و داگیركارییەكانیان هێنرا.

دەشڵێت، ئێستا شێوازی شەڕكردنیان گۆڕیوە بۆ پارتیزانی و بە مەفرەزەی بچووك دەستدەوەشێنن و دەگەڕێنەوە، ئەوە مەترسیدارە، چونكە شوێنیان دیار نییە، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕوویان ببنەوە، ئەركی بەرفراوانی هێزی پێشمەرگە و سووپای عێراقی و هاوپەیمانانە ڕووبەڕوویان ببنەوە، دەبێت هەماهەنگی زیاتر لەنێوان ئەو هێزانەدا هەبێت.

ئەو چاودێرە یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە پێویست دەزانێت و دەڵێت، پێویستە هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێكی یەكگرتووی نیشتیمانیدا ڕووبەڕووی مەترسییەكانی سەر هەرێم بەگشتی و داعش بە تایبەت بببَتەوە، گلەییەكانی هاوپەیمانان لەسەر هەرێم نەمێنن كە لەسەر یەكنەگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی دەكەنەوە.

رێڤینگ هرووری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ بەشی عەرەبی ئاژانسی نۆڕس پرێس ڕایگەیاند، داعش تا ئێستا مەترسییەكانی هەر ماوە، ڕووداوەكانی ئەم دواییەش ئەوەیان سەلماند، داعش ڕەوشی باكووری سووریای لە هەڕەشەكانی توركیاشی قۆستووەتەوە و ئەوەش داعش بەهێز دەكاتەوە، چونكە هەسەدە بە جەنگی توركیاوە سەرقاڵ دەبێت.

داواشیكرد، هەماهەنگی هەبێت لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ جەنگی داعش.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی لێكۆڵینەوەی لە ڕووداوەكەی كەركوك كرد.

ڕۆژی دوو شەممە شاندێكی باڵای سەربازی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی كەركوك گەیشتنە پارێزگەكە.

شارەزایانی بواری تیرۆر ئاشكرایدەكەن، پلانێكی هەرێمی بۆ شكاندنی كامپی هۆڵ و زیندووكردنەوەی داعش لە ئارادایە بە ئامانجی ڕێكخستنی شەپۆلێكی نوێی تیرۆر لە ناوچەكەدا.

شارەزایانی تیرۆر هۆشداریان داوە لە هەوڵی داعش بۆ شكاندنی زیندانەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان بە هاوكاری چەند دەوڵەتێك و دروستبوونی نەوەی چوارەمی تیرۆر لە ناوچەكەدا.

شارەزایانی تیرۆر دەڵێن، گۆڕانكاری لە میانەی كوژرانی ڕێبەری داعش و دانانی ڕێبەری نوێ كراوە، ئەبو حسێن قوڕەیشی ڕێبەری نوێ هەوڵ دەدات ڕێنماییەكانی ئەبو بەكر بەغدادی ڕێبەری پێشووتر جێبەجێ بكات، كە ئەویش هەوڵدانە بۆ شكاندنی گرتووخانەكان كە هەزاران ئەندام و بنەماڵەی داعشی تێدان.

لە ئۆپەراسیۆنە نوێیەكانی هاوپەیمانان و سووریای دیموكرات لە چەند ڕ‌وژی ڕابردوودا ژمارەیەك سەركردە و ڕێبەری داعش لە باكووری سووریا دەستگیركراون.

 

 

پشووەكانی سەری ساڵ ڕاگەیاندران
پێت پشووەكانی سەری ساڵ ڕاگەیاندران
ئەمڕۆ زێلێنسكی سەردانی ئەمریكا دەكات
دوات ئەمڕۆ زێلێنسكی سەردانی ئەمریكا دەكات
پەیوەنیدر