بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵا، ھاوسەرۆكانی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پرسی كورد و گۆڕانكارییە سیاسییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بە گرنگییەوە باس لە تەبایی و یەكڕیزیی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و پرۆژە نیشتمانییەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا كە خۆی لە یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و كوردستانییەكاندا دەبینێتەوە.
كۆبوونەكەوە جەختی لەدرێژەدان بە گفتوگۆی نیشتمانی و بونیادنەرانە كردەوە بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە رۆژئاوا، هەروەها بژاردەی سەربازی و شەڕ بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان رەتكرایەوە و داواكرا پشتیوانی لە دۆزی كورد بكرێت و دەرچەی سیاسی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا بدۆزرێتەوە.
لە بەرامبەردا ھاوسەرۆكانی پەیەدە رایانگەیاند، سەردانی سەرۆكی یەكێتی بۆ رۆژئاوا رەهەندێكی مێژوویی و نەتەوەیی لەخۆیدا هەڵگرتووە، بانگەوازێكی ئاشكرایە لەپێناو یەكڕیزیی گەلی كورد و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان. ئەمەش هەمان سیاسەت و رێبازی سەرۆك مام جەلالمان دەهێنێتەوە یاد و بەهەمووشێوەیەك پشتیوانی لێدەكەین.
ڕۆژئاوای كوردستان
ھەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەت و هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و رایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی هەموو خەباتێكی مەدەنی و ئاشتیانە دەكات لەپێناو پاراستن و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورددا. لەسەر ھەمان رێچكەی سەرۆك مام جەلال درێژە بە سیاسەتی كوردستانیانەی خۆمان دەدەین و ئامانجمان یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كوردە. بۆ ئەمەش دەبێت هەموومان هاوكار و هەماهەنگ بین و كار بۆ پرسی كورد بكەین چونكە تاوەكو كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵات نایەتەدی.