نەتەوە یەكگرتووەكان لیژنەیەكی بۆ خۆپیشاندانەكانی ئێران پێكهێنا



 

نەتەوە یەكگرتووەكان سێ ژنی دەستنیشان كرد بۆ ڕابەرایەتیكردنی لێكۆڵینەوەكان لەسەر سەركوتكارییەكانی ئێران دژی خۆپیشاندانەكانی ناو ئەو وڵاتە كە ژنان ڕابەرایەتی دەكەن.

سەرۆكی ئەنجومەنی ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان فێدریكۆ ڤیلیگاس ڕایگەیاند، پارێزەری دادگای باڵای بەنگلادیش سارا حوسەین و پڕۆفیسۆر لە بواری یاسای پاكستان شاهین سەردار عەلی و چالاكەوانی مافەكان ڤیڤیانا كرستیچیڤیچی ئەرجەنتینی ئەندامانی لیژنەكەن.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە ڕایگەیاند، سارا حوسەین كە ماوەیەكی زۆرە چالاكەوانی مافەكانی مرۆڤە، سەركردایەتی لێكۆڵینەوەكان دەكات.

پێناچێت ئێران ڕێگە بە هاتنی ئەو سێ چالاكەوانە بدات بۆ ناو وڵاتەكە و جێبەجێكردنی ئەركەكەیان، لە كاتێكدا تاران بە توندی دژایەتی دروستكردنی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی دەكات كە مانگی ڕابردوو 47 ئەندامەكەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ دەنگیان لەسەریدا.

ئەو سێ ژنە “سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە تۆمار دەكەن.”

خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكەی ئێران كە لە شۆڕشە ئیسلامییەكەی ساڵی 1979 ەوە وێنەی نەبووە، لە مانگی نۆوە سەرانسەری وڵاتەكەی گرتۆتەوە، ئەوەش دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاكاری ئێراندا.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە بەرپرسانی ئێران هەندێك لە خۆپیشاندەرانیان لە سێدارە داوە و سزای مەرگییان سەپاندووە بەسەر كۆمەڵێك كەسی دیكەدا، ئەوەش تەنها بەهۆی ئەوەی لە خۆپیشاندانەكاندا بەشدارییان كردووە و ئێران بە تێكدەر ناویان دەبات.

ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ دەڵێن پەلە لە ڕێكارە یاساییەكاندا كراوە و دانپێدانانەكانیش لە ژێر ئەشكەنجەداندا بوون.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت لە ناوەڕاستی مانگی نۆوە 14,000 كەس لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا دەستگیركراون، ڕێكخراوێكی مافەكانی مرۆڤی ئێرانیش كە بنكەكەی لە نەرویجە دەڵێت 469 خۆپیشاندەر كوژراون.

سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ هاوسەرۆكانی پەیەدە كۆبووەوە
پێت سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ هاوسەرۆكانی پەیەدە كۆبووەوە
“پەرلەمانتاران بەڵێنەكانیان نەبردووەتەسەر “
دوات “پەرلەمانتاران بەڵێنەكانیان نەبردووەتەسەر “
پەیوەنیدر