پێشەوا هەورامانی بەشێك لەو گەندەڵییانەی حکومەتی عێراق بڵاودەکاتەوە کە لە چەند سەرچاوەیەکی میدیاییدا باسکراون و داوای لیستی ئەو گروپانەش دەکات کە هەریمی کوردستان بۆردوامن دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: “لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک،لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردووە!”.
دەشڵێت: “لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا ئەم شەفافییەت و تەوزیحەی لە ئێمەیان دەوێت لای ئەوان هەیە؟”.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە هەواڵی چوار دەزگای میدیایی “باوەڕپێکراو” چەند گەندەڵییەکی حکومەتی عێراق بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
ئەلجەزیرە، 20%ی پارەی مووچەی عێراق بۆ مووچەخۆری وەهمی دەڕوات کە نزیکی 10 ملیار دۆلاری ساڵانەیە کە زیاترە لە موچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەلحوڕە: 300 ملیار دۆلار لە عێراق بۆ پڕۆژە و مووچەی وەهمی چووە.
ئەلبەغداد ئەلیەوم: لە لیستی خانەنشینانی عێراقدا، 22 هەزار مووچەخۆری وەهمی هەن کە 800 ملیار دینار لە خەزێنەی عێراق دەبەن.
بی بی سی: ساڵی 2014 حکومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 50 هەزار سەربازی وەهمی مووچەیان لە خەزێنەی عێراق وەردەگرن،وەهمی نەک بندیوار!.
پێشەوا هەورامانی دەپرسێت: “ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟”.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە چارەسەرنەکردنی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە و دەڵێت: “ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق رابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە!”.