سیاسەتمەدارێکی کورد پێیوایە ئەگەر هاتوو بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە بداتە فەرمانبەران، ئەو کاتە هیچ پێویستییەك بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان نامێنێت و دەشڵێت: “پێدەچێت عێراق خۆى هەمان نیازى هەبێت”.
مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار لە میانى چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵى کەى ئێن ئێن ڕایگەیاند: گەر عێراق بڕیار بدات مووچەى فەرمانبەران بنێرێت، ئەوا کێشەى مووچە پێدەچێت زۆر بە زوویی چارەسەر ببێت و هاوشێوەى هەموو پارێزگاکانى دیکەى عێراق مووچە لەکاتى خۆیدا دابەش بکرێت.
مەحمود عوسمان پێیوایە ئەگەر بەغدا ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران بدات، ئەو کاتە هیچ پێویستییەک بۆ مانەوەى هەرێمى کوردستان نامێنێت و وتیشی: “پێدەچێت عێراق خۆى هەمان نیازى هەبێت”.
ڕاشیگەیاند، هەرێم خاوەنى پەرلەمان بوو لابرا، خاوەنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بوو لابرا، حکومەتێک ماوە کە تەنها کارەکان بەڕێوەدەبات و هەرێمى کوردستانیش تواناى بەرەنگاریی هێرشەکانى نە ئێران نە تورکیا نییە و جەختیش دەکاتەوە کە عێراق دەیەوێت ئەو راستییە بسەلمێنێت و شتێک نەهێڵێت بەناوى قەوارەى هەرێم.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە سەرباری ڕادەستکردنەی نەوت بە بەغدا، بەڵام تا ئیستا کێشەی بودجە و مووچە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر نەکراوە و فەرمانەبرانی هەرێمی کوردستانیش چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.