ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:” لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوون لەبارەی ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغدا پێکهێناوە.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووتەوە، لەبەردەوامیی پێداگری و هەوڵەکانمان بۆ زامنکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان وبەتایبەت مووچەی (فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەلایەتی )لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی و چارەسەری ریشەیی بۆ پرسی مووچە لە هەمواری یاسای بودجە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٤/١/٢٨ لەسەر پێشنیازمان بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران.
دەشڵێت:” کاری لیژنەکە بەمەبەستی بەدواداچوون و پێشکەشکردنی راپۆرتێکی بەپەلەیە لەبارەی رێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بە تایبەتی لە دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە تەرخانکردنی بڕی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤ ، و ئاستی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی سەر هەرێم لە یاسای بودجە”.
رۆژی ١٤ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.