پێش بۆردومانی توركیا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بۆ سەر وێستگەكانی كارەبا لە رۆژئاوای كوردستان، دۆخی كارەبا بەرەو باش بوون دەچوو، بەڵام بۆردومانەكان گەیاندنی كارەبایان بە تەواوی وەستاند.
مستەفا حاجی بۆزان (40 ساڵ) دانیشتووی شاری كۆبانێ، نیگەرانە بۆ دۆخی كارەبا و دەڵێت: لەم دواییانەدا دۆخی كارەبا باش بوو، نزیكەی 14 كاتژمێر كارەبا دەگەیشتە شارەكە، لە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆوە تا كاتژمێر سێی شەو، بەڵام بەئامانجگرتنی وێستگەكە و وێرانكردنی وێستگەكە لەلایەن توركیاوە بووە هۆی بێبەشكردنی دانیشتوانی ناوچەكە لە خزمەتگوزاری كارەبا.
بۆزان بۆ (نۆرس پرێس) باسی ئازاری دانیشتووانی ناوچەكە دەكات بەهۆی پچڕانی تەواوەتی كارەبا لە شارەكە و گوندەوارەكانی، كە زۆربەی كاروباری ژیان پەیوەندی بە كارەباوە هەیە.
لە ماوەی نیوەی یەكەمی ئەم مانگەدا توركیا 89 شوێنی بە 122 هێرش بۆردومان كرد 62 هێرشیان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجام دراون و 22 لەو هێرشانەش بە فڕۆكەی سەربازی ئەنجام دراون.
بۆردومانەكانی توركیا شوێنەكانی بەرهەمهێنان و گۆڕینی كارەبا و سووتەمەنی، ناوەند و بازگەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای كوردستان هەروەها چوار شوێنی ئەمنی و سەربازی سەر بە هێزەكانی حكومەتی لەخۆگرتبوو.
بۆردومانەكەی توركیا بۆ سەر دوو وێستگەی گواستنەوەی كارەبا لە هەرێمی فورات (بەشێكی كارگێڕی عەین عیسا، سەرین، گرێ سپی و كۆبانێ لەخۆدەگرێت) دانیشتوانی شاری كۆبانی و 360 گوندی سەر بە شارەكە و شارۆچكەی عەین عیسا و 300 گوندی لە پێدانی كارەبا بێبەش كرد.
لای خۆیەوە، عائیشە ناسر، هاوسەرۆكی فەرمانگەی وزە لە كانتۆنی كۆبانێ ئاماژەی بەوەدا، كە بۆردومانەكە بووەتە هۆی ئەوەی وێستگەی گواستنەوەی كارەبای عەین عیسا بە تەواوی لە كار كەوت.
وتیشی، “دانیشتووانی 660 گوندی گوندەواری كۆبانێ و گوندەواری شارۆچكەی عەین عیسا لە خزمەتگوزاری كارەبا بێبەش كراون”.
ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوەی توركیا وێستگەی كارەبای عەین عیسای بۆردومان كرد، دوو جار وێستگەی كارەبای كۆبانێ بۆردومان كرد، دوو بگۆڕی كارەبای كردە ئامانج، كە هەریەكەیان توانای بەرهەمهێنانی 30 مێگاواتیان هەبوو.
فەرمانگەی وزە لە پارێزگای كۆبانێ، زیانەكانی بۆردومانی توركیای بۆ سەر وێستگەی كارەبای كۆبانێ بە زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلار خەمڵاندووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی، كە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرییەوە بڵاوكراوەتەوە، فڕۆكەكانی توركیا بە 7 هێرشی ئاسمانی، وێستگەكانی كارەبایان لە كۆبانێ، عەین عیسا، عامودێ، تربەسپی، قامشلۆ و دێربەسی بۆردومان كردووە و بەو هۆیەوە لە كار كەوتوون.