دژەتیرۆری كوردستان دەنگۆی هێرشكردنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەولێر ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
دژەتیرۆری كوردستان- پارتی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمڕۆ یەك شەممە 28ی كانوونی دووەمی 2024، لە ژمارەیەك میدیا و كەناڵی ڕاگەیاندنی سەر بە میلیشیاكان وا بڵاوكرایەوە گوایە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. هاوكات لە ژمارەیەك كەناڵی ناوخۆییش، كە زۆر تامەزرۆی ڕاستی لێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرن، بەبێ پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە و بەدواداچوونی میدیایی، ئەو هەواڵەیان بڵاو كردەوە”.
ڕایگەیاندووە: ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و ئەمڕۆ هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ گرووپە چەكدارەكانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوەكردبوو، كە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێزەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی هەولێر كراونەتە ئامانج.