دوابەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە ناوچە كوردستانیەكانیشەوە لە مانگی ڕابردوودا و پەسەندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، بڕیارە سبەینێ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك سوێندی یاسایی بخۆن و دەستبەكاربن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەكان دەستپێبكەن.
د. ئەحمەد فاتیح، كاندیدی دەرچووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە “هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە”، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند: “سبەینێ دوو شەممە 29-1-2024، كاندیدانی دەرچووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك سوێندی یاسایی دەخۆن لەبەردەم سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك”.
ڕاشیگەیاند، بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك سەرەتا بەپێی یاسا چاوەڕێی بانگەوازی ڕاكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دەكەین، ئەگەر بانگەوازی نەكرد، ئەوا تا 8ی 2ی 2024 دەست بە یەكەم كۆبوونەوە دەكەین.
وتیشی، “تا ئێستا ڕێككەوتنی كۆتایی نەكراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان و چاوەڕێی حزبەكان دەكەین تاوەكو گفتوگۆ و ڕێككەوتن بكەن، چونكە لیژنەی تایبەتییان هەیە بۆ گفتوگۆكردن”.
سەبارەت بە پۆستی پارێزگار جەختی كردەوە، “یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن شایستەی یەكێتییە”.
بەپێی یاسا لەدوای سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەماوەی 10 ڕۆژدا پێویستە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كاندیدە دەرچووەكان كۆبكاتەوە و یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەستپێبكات، بەڵام ئەگەر پارێزگاری بەوەكالەت بەو ئەركە هەڵنەستا، یاسا دەسەڵاتی داوەتە كاندیدە دەرچووەكان خۆیان كۆببنەوە و بڕیار لە یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بدەن.