(ئەحمەد كاكە محمود) نمونەی شەرعزانێكی سیاسی هاوچەرخ



د. سەعید عەلی محمد

كۆمەڵگەی كوردی لە كوردستاندا كۆمەڵێكی زۆر لە زانایانی ئایینی و كەڵەپیاو و خەباتگێڕو تێكۆشەری نەتەوەیی مەزنی پێگەیاندووە، هەر لە شێخ سەعیدی پیران و سەعید نەورەسی و قازي محمد و مەلا مصطفی بارزانی و احمدی موفتی زادە و ناصری سوبحانی و عبدالكریمی مدرس و عثمان عبدالعزیزو مه لا علی عبدالعزیزو مصطفی زەڵمی و دەیان و سەدانی تر كە هەر یەكێك لەوانە عیملاق و عەلەمداری سەردەمی خۆی بووە و نمونەی شوناسی ئیسلامی و نەتەوەیی و هێمای ئەخلاق و سلوك و زوهدو عەدل و سیاسەت و بەگژداچوونی ستەم و زوڵم و نادادیی بووە!

یەكێك لەو كەسایەتییە زانستییە شەرعزانە ناودارانەی كە درێژە پێدەری هەمان ئەو كاروانە پیرۆزو گەورەیەیە: مامۆستا مەلا ئەحمەد كاكە محموده كە ساڵی 1950 لە گوندی یاڵانپێی ناوچەی هەورامان لەدایك بووە و، لە ساڵی 1977 مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و، لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی بە نوسینكردووە و زیاتر لە (30) پەرتوك و دەست نووسی لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە كە هەرە دیارترینییان تەفسیری قورئانی پیرۆزە كە تا ئێستا (6) جار چاپ كراوەتەوە!

بێگومان زۆرن ئەو مەلاو زانا ئایینیانەی كە لە كوردستاندا خزمەتی ئیسلام و حوجرە و زانستە شەرعییەكان و چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە، بەڵام ئەوەی كە احمد كاكە محمود لە ئەوان و زۆرێك لە زاناو كەڵە پیاوەكانی تری كۆمەڵگەی كوردەواریی جیا دەكاتەوە ئەوەیە: مامۆستا احمد جگە لەوەی مەلایەكی ناسراوو كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و پیاوێكی ناوداری ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بووە، لە هەمان كاتدا قەڵەم بەدەست و نوسەرێكی زیندوو فەقیهێك و شەرع زانێكی هاوچەرخ و ڕەمزێكی قیادی و جیهادی و حەرەكی دیارو لەماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا پێشڕەوی گەورەترین شۆڕشی سیاسی ئيسلامي و فیكری و فیقهی و  عەقڵی و ڕۆشنبیری بووە لە هیزری جەماوەری ناوچەكە بە گشتی و گەنج و لاوان و ڕۆشنبیران بەتایبەتی!

بێگومان لە هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا كۆمەڵێك دیاردە و ڕووداوی گەورەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە ساحەی سیاسی كوردستان و ناوچەكەدا ڕوویاندا، هەر لە ڕوودانی شەڕی ئێران – عێراق و، ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت و كۆتایی هاتنی تەوژمی شیوعییەت و، بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و نادادی و، زەرورەتی هاتنەكایەی حیزب و كاری ئیسلامی و خەباتی چەكداری و سەرهەڵدانی بیرۆكەی جیهاد و دەستەواژەی توندڕەوی و فیكرەی دیموكراسی و چەندان بابەت و پرسی كۆمەڵایەتی تری جۆراوجۆر، كە لەبەرانبەر ئەم شەپۆلە گۆڕانكارییانەدا مەعلومه (احمد كاكە محمود) سوارچاكێكی ئازاو بەتواناو عیملاقێكی مەیدانی وەڵامدانەوە ى برسياره كان و بەدەمەوەچوون و چارەسەركردنی زۆربەی ئەو كێشە و بابەت و پرس و قەیران و گۆڕانكارییانە بوو!

بێگومان لە مێژووی كوردایەتیدا زۆربوون ئەوانەی هەڵگری دروشمی كوردایەتی و ئازادیخوازی و خەباتی نەتەوەیی و بەگژداچوونەوەی دیكتاتۆرییەت و سەندنەوەی مافە زەوتكراوەكانییان هەڵگرتبوو، بەڵام جیاواز لەوان ئەگەر سەرنج بدەینە نوسین و بەرهەم و ووتارو فەتواو وێزگەكانی ژیانی ئەم كەسایەتییە گرنگە بۆمان دەردەكەوێ كە ئەو چ بایەخ و گرنگییەكي نەك تەنها بە نەتەوە و كوردایەتی بەڵكو بە سەرجەم پرسە هەستیارو بابەتە گەرماو گەرمەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی داوە، هەر لە چەسپاندنی باوەڕو پەروەردەكردنی تاك و خێزان و پێگەیاندنی لاوان و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی ژیانی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی گیانی خەباتگێڕی و فیداكاری و تێكۆشان لەپێناو گەل و نیشتمان و خاكدا، پشت ئەستور بە فیقھ و فیكرو مەعریفەی سەردەمیانە و بە میتۆدێك و مۆدێلێكی تەواو جیاواز لەو فۆڕم و مۆدێلە تەقلیدییە كە ئەوانی تر بانگەوازییان بۆ دەكرد و لێوان لێو بوو لە جەهل و نەزانی و فریودان و خەڵەتاندن و لە خشتەبردن و بەرژەوەند پەرستی و بە سوتەمەنی كردنی هەموو شتێك لەپێناو ئامانج و حەزە تایبەتەكاندا.

ئەحمەد كاكە محمود بە پێچەوانەی ئەو زاناو مەلایانەی كە لە ڕابردوو و ئێستاشدا بڕوایان بە پێكەوە گرێدانی دین و سیاسەت نیە و سیاسەت كردنیان لە پاڵ دینداریدا بە قاچاغ و كارەسات لێكداوەتەوە، ئەو هەڵگری مەشخەڵی دین و دەوڵەت و سیاسەت بووە و، ئەو ڕاستییەی بەگوێی هەموواندا داوە كە سیاسەت بەشێكە لە ئیسلام و، دین و سیاسەت دوانەیەكی لێك جیانەكراوەن و، به لاي ئه وه وه  چەسپاندنی دادگەری و بەدیهێنانی ئازادییەكان و گەڕاندنەوەی مافە زەوت كراوەكان بەبێ مومارەسەكردنی سیاسەت و گرتنە دەستی دەوڵەت و دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی مه حال بوو.

احمد كاكە وەك سەركردە و كاراكتەرێك و ڕەمزێكی بواری فیكرو سیاسەت و چاكسازی و چاكەخوازی هاوشێوەی كەڵەپیاوەكان وەك ئەفغانی و عەبدە و غەزالی و مەراغی و شەلتوت و كەواكبی و بەنناو بن بادیس و غەنووشی و ئەوانی تر حیزبایەتی و فرەیی سیاسيي بە زەرورەتێكی سەردەم دەزانی و، پێی وابوو لە ئەنجامی نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتێكی ئیسلامیدا دەكرێ سیستمی دیموكراسی و میكانیزمی هەڵبژاردن باشترینی خراپەكانی سەردەمی ئێستا بێت و گونجاوترین ئەڵتەرناتیڤ بێت لەبەرانبەر دەوڵەت و دەسەڵاتە خۆسەپێن و دیكتاتۆرەكاندا!

لەیادی كۆچكردنیدا دەڵێم: لەڕاستیدا احمد كاكە لە بوارەكانی علم و قیقھ و  فيكرو سیاسەت و ئیسلاح و تازەگەری و پاراستنی ڕەسەنایەتی و بەگژداچوونەوەی ستەم و جەهل و نەزانی و خورافەدا نمونەی نه وه وي و ئیبنو تەیمیە و نەدەوی و عەززامی نەتەوەكەی بووە، ئەو بەڕاستی شەرعزانێكی پسپۆڕ، موفەسیرێكی گەورە، بانگخوازێكی هاوچەرخ، سەركردە و خەباتگێڕو سیاسییەكی هەڵكەوتوو و بێ وێنەی میللەتەكەی بوو.

 

“خەڵك” زانیاری نوێ دەربارەی ناردنەوەی پەنابەرانی کورد ئاشکرا دەکات
پێت “خەڵك” زانیاری نوێ دەربارەی ناردنەوەی پەنابەرانی کورد ئاشکرا دەکات
نرخی کارەبای موەلیدە دیاریکرا
دوات نرخی کارەبای موەلیدە دیاریکرا
پەیوەندیدار