مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی، ئەمنی، ئابوور و سیاسی بووەتەوە، بەڵام لە ژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانی نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێمدا کە لە هەولێر بەڕیوەدەچێت، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند بە نیازن ژمارەی نوێنەرایەتییەکانیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان زیاد بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیان داوە بە هەموو شێوەیەك کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست بکەن”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی: “بە پشتیوانی خوای گەوە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین”.
جەختیشیکردەوە لەوەی “ئیرادەی میللەتەکەمان لەهەموو پیلانێك بەهێزترە، بۆیە لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “هەرێمی کوردستان وەك قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە عێراق هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و خوازیاری باشترین پەیوەندیشە لەگەڵ ولاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا”.
وتیش: “هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ سەر هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە درێژکردووە، بۆیە پێویستە سەروەری هەرێم و عێراق ڕێزی لێبگیرێت و پێشێل نەکرێت”.