دڵشاد ئەنوەر – ڕۆژنامەنووس
میدیا بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد، خەڵکی توشی سەرلێشێوان کرد، بەشێک لە میدیا بە هێرشی موشەکی و بەشێک بە هێرشی درۆنی ناویانبرد.
پرسیارەکە ئەوەیە: هێرشەکە درۆنی بوو یان موشەکی؟
هێرشەکە درۆنی بوو، دەزگا ئەمنییەکان بەڵگەی درۆنی بوونی هێرشەکەیان داوەتە کۆمپانیای دانەغاز.
هێرشەکانی ساڵانی ڕابردووی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر کێڵگەکە بە موشەک و کاتیۆشا ئەنجامدەدران، بۆیە ورد ئامانجەکانیان نەدەپێکا، یاخود خۆشیان دەیانویست تەنها پەیام بگەیەنن و نەیاندەویست زیان بگەیەنن.
ئەمجارە وردی هێرشەکە و پێکانی ئامانجەکە، درۆنی بوونی سەلماند، پاشان زیانگەیاندنی گەورە بە کەرتی وزە و کارەبای هەرێم جدیبوونی هێرشبەرانی لە زیانگەیاندن و جدییەتی پەیامەکەیانی گەیاند.
هێرشەکە بەو پێیەی دراوە لە کەرتی ئابووری کاردانەوەی ناوخۆیی و تەنانەت دپلۆماتکارانیشی لێکەوتەوە.
لە ڕابردوودا هێرشەکان لە داقوق و خورماتووەوە ئەنجامدەدران و دەزگا ئەمنییەکان شوێن پێی هێرشبەرەکانیان دەستدەکەوت کە شیعەکان بوون، بەڵام هیچ جۆرە ئاماژەیەک نییە بۆ هێرشەکەی ئەمجارە کە لەو ناوچانەوە ئەنجامدرابێت.
پرسیارەکە ئەوەیە: کام لایەن هێرشەکەی ئەنجامداوە؟
شیعەکان !
پەیوەندی بە شیعەکانەوە کراوەو ڕەتیانکردووەتەوە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجام دابێت، بەفەرمیش هیچیان لەبارەی مەسئولییەتی هێرشەکەوە نەوتووەو بگرە ڕەتیانکردەوە.
هەرچەندە هەندێ ئەترافی ناو حەشد بە دووری نازانن دەستی ئەوانی تێدا بێت، بەڵام یەکێتی لەگەڵ حەشدو ئێران نێوانی باشە.
هێرشەکە زیانی بە کارەبای هەندێ ناوچەی عێراقیش گەیاندووە و بیرۆکەی ئەوەش هەیە لە داهاتوودا غاز بدرێتە عێراق، پرسیارەکە ئەوەیە حەشد چی بەرژەوەندییەکی لەمەدا هەبێ؟
بۆیە گەر دەستی حەشدیشی تێدابێت، ئەو گروپانەن کە ناچنە ژێر باڵی بڕیارەکانەوە و سەربەخۆیانە شت دەکەن، چونکە حەشد بەوە ناسراوە فرە کوێخان و بێ حسابکردن بۆ یەکتری شت دەکەن.
تورکیا!
پێش هێرشکردنە سەر کۆرمۆر، تورکیا هەڕەشەی لە سلێمانی کردووە. بەرپرسی میت بە عێراقییەکانی وتووە گەر هێرش بکەن، وەکو ئێران جیگەی مەدەنی ناکەنە ئامانج .
هێرشەکەی سەر کۆرمۆریش لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی بەئامانج گرتنی کەرتی ئابووری ڕۆژائاوایە لەلایەن تورکیاوە، بەڵام هێشتا تورکیا خاوەنداری هێرشەکەی نەگرتۆتە ئەستۆ و بەڵگەش نییە.
جیا لەوەش هێرشی ئاوا بۆ تورکیا ئاسانە، چونکە ناوچەکانی دوروبەری کۆرمۆر، تورکمان و گروپی نزیک لە تورکیای تێدایە، بۆیە گومانێکیش دروستبووە دەستی تورکیاشی تێدا بێت.
گومانەکان!
هێرشی سەر کۆرومۆر و بێدەنگی هێرشبەرەکان جێی سەرسوڕمانە، چونکە هەر لایەک هێرش بکات و بیەوێ لەڕێگەی هێرشەوە پەیام بگەیەنێت، گەر خۆی نەکاتە خاوەنی هێرشەکە پەیامەکەی ناگات یاخود پەیامێکی لاواز دەبێت.
گەر تورکیا هێرشەکەی ئەنجامدابێت و خاوەندارێتیکردنی ڕاگەیاندبا، بیانووەکەشی ڕوونکردبایەتەوە، دەبووە پەیامێکی بەهێز و تەنانەت ڕاچڵەکێنەر بۆ سلێمانیش، ترسی ئەوەی دروستدەکرد هێرشی تری بەدوادا بێت و بیر لە تاوتوێکردنی مەترسییەکان دەکرایەوە.
یاخود گەر گروپێکی ئەجێندا لە پشتی ناو حەشد بیکردایە و خاوەندارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتباو بیانووەکانی خستبایەتەڕوو، دەکرا لێکەوتەکانی داهاتووی هێرشەکان تاوتوێ کرابایەن و خواستەکانیان دیراسە بکرایەن.
سەیر لەوەدایە هێرشەکە زیانی گەورەی بۆ هەرێم هەبوو، هێرشێکی بچوکیش نەبوو، بەڵام کەس خۆی بە خاوەنی ناکات، ئەمە جێی گومانێکی ئێجگار گەورەیە.