کۆمپنیای دانە غاز ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی دوێنێ شەوەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگیراوە.
کۆمپانیای دانەغاز کە لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی غازە، هاوکات دوای هێرشەکەی دوێنێ شەو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت”شەوی پێنجشەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2024، یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی غازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆر کرایە ئامانج کە گومان دەکرێت لە رێگەی درۆنێکەوە بووبێت و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.”
هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرەی لە کێڵگەکەدا کەوتۆتەوە، پرۆسەی بەرهەمهێنانمان بە تەواوەتی وەستاندووە، و تیمەکانی بەگەڕخستن سەرقاڵی کارەکانیانن بۆئەوەی بتوانرێت لە زووترین کاتدا پرۆسەکە دەستپێبکەینەوە.
شەوی پێنجشەممە10:45 ، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەکاتەوە کە كاژێر 10:22 خولەکی شەوی 25-01-2024، لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر ئاگرێک کەوتووەتەوە، و لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.”